رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە بابەتی پرۆسەی چارەسەریدا دەڵێت، گەیشتووینەتە قۆناخێک کە خەریکە شەڕی 40 ساڵەی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە کۆتایی پێدێنن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە گوتەیەکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان رایگەیاند: "بەم دواییانە یەکێک لەم هەنگاوانەی ناومانە دید و تێڕوانینمان بووە بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر. کاتێک دەسەڵاتمان گرتەدەست، کێشە چارەسەرنەکراوەکانی حکومەتەکانی پێشوومان بۆ مایەوە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش یەکێک بوو لەو بابەتە چارەسەرنەکراوانە. لە رێگەی شۆڕشە بێدەنگەکانمانەوە ژێرخانی تیرۆرمان لەنێوبرد. لەلایەکی دیکەشەوە بە ئۆپەراسیۆنە کاریگەرەکانمان خاکمان لە تیرۆریستان پاککردەوە. بە تەنیا خاکمان لە تیرۆریستان پاکنەکردەوە، بەڵکو لە گەندەڵکارانیش پاکمان کردەوە."
ئەردۆغان گوتی: "توانیمان رووبەڕووی فەتۆ، داعش و رێکخراوە ناپاکەکانی دیکەش ببینەوە. بۆ لەنێوبردنی تیرۆر، لەم ماوەیەدا ئەزموونێکی زۆرمان دەستکەوت. لەلایەکەوە پیشەسازیی بەرگریمان بەهێزکرد و لەلایەکی دیکەشەوە رۆڵەکانمان لە دەستی تیرۆریستان رزگارکرد. دواتر ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان گۆڕی و لەودیوی سنوورەکان رووبەڕوویان بووینەوە و تیرۆرمان لە سەرچاوەکانییەوە وشک کرد. بۆیە کراینە ئامانجی رق و کینە و پروپاگەندە رەش و بەردەوامەکانی رێکخراوە تیرۆریستەکان و پشتیوانیکارەکانیان."
ئەردۆغان دەڵێت: "ئێستاش گەیشتووینەتە قۆناخێک کە خەریکە بەڵای 40 ساڵەی تیرۆر بۆ هەمیشە کۆتایی پێدەهێنین. بە کورتی، ئێستا لەگەڵ برایانی کورد لە هەوڵداین بۆ ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی کە دەستی بە خوێنی رۆڵەکانمان سوورە، بە هەڵوەشاندنەوە، دانان و رادەستکردنی چەکەکانیان کۆتایی پێ بهێنین".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "ئێمەی دەسەڵات ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێکرد و رێگەمان دا بە ئەنجامدانی دیدارە پێویست و تایبەتەکان تاوەکو گەیشتە قۆناخی خستنەڕووی بانگەواز. ئێستا کاتی ئەوەیە ئەوانیش پابەندی بانگەوازی دامەزرێنەرەکەیان بن و رێکخراوەکە هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن و رادەستیان بکەن. ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێت، تورکیا لە بەڵایەکی 40 ساڵی رزگاری دەبێت. بەپێچەوانەوە، ئێمە هەنگاوی زۆر گەورەمان بۆ لەنێوبردنی تیرۆر ناوە و بەمنزیکانە بە ستراتیژییەتی لەنێوبردن و وشککردنی تیرۆر لە سەرچاوەکانییەوە دەست پێدەکەینەوە و کۆتاییان پێدەهێنین."
ئەردۆغان هیوا دەخوازێت بەرپرسانی پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی رۆژی 27ـی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بن و رایگەیاند: "هیوادارین رێکخراوەکە و بەناو کەسە دیارەکانیان ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەستنەدەن و بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن و بە ئاراستەی ئەم کرانەوەیە هەنگاو بنێن. ئەم پێشهاتە جگە لە وڵاتەکەمان، رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی عێراق و سووریا و ناوچەکەمان ئارامی و سەقامگیرییان تێدا بێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد ، پەکەکە کاریگەری لەسەر سیاسەتی بەشێک لە سیاسەتڤانانی باکووری کوردستان و تورکیاش هەیە و رایگەیاند: "ئەگەر سێبەری رەشی تیرۆر لەسەر سیاسەت نەمێنێت، پشت بەخودا هێزی وشە و دیالۆگ تۆکمەتر، بەهێزتر و کاریگەرتر دەبێت و بازنەی دیموکراسی زۆر فراوانتر دەبێت. ئەوەش توانای چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان ئاسانتر دەکات. ئێمەی دەسەڵات و هاوپەیمانمان زۆر رژد و سوورین لەسەر راستکردنەوەی بارە لار و خوارەکەی ئەم 40 ساڵە. لەمبارەیەوە هەر هەڵوێستێکمان خستبێتەروو بەوپەڕی نیازپاکییەوە هەنگاومان بۆ ناوە. چاوەڕوانین لایەنی بەرامبەرمان هەمان هەڵوێستی هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ