رووداو دیجیتاڵ
فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، "ئاشکراکردنی راستییەکان و زانیارییە ھەڵەکان، تاکە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی ئیسرائیلە لە غەززە".
لە پانێڵێکدا بە ناوی ''کۆمەڵکوژی لە غەززە؛ بەڵگەی نوێ'' کە رۆژی سێشەممە 20-2-2024 لە ئەنقەرە رێکخرا، فەخرەدین ئاڵتوون رایگەیاند، "وەک پێویست گرنگی بەو ھەڵمەتە ناڕاستانە نادرێت کە ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنی ئەنجامدانی جینۆساید و دڕندەییەکانی لە غەززە دەیانکات. ئاشکراکردنی راستییەکان و زانیارییە ھەڵەکان، تاکە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی ئیسرائیلە لە غەززە".
فەخرەدین ئاڵتوون گوتی، بەڵگەی تایبەت بە تاوانەکانی ئیسرائیل کۆدەکەنەوە و دەیپارێزن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ لە غەززە کۆمەڵکوژییەکی روون لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێت. ئیسرائیل چەندین تاوانی گەورەی لە غەززە ئەنجامداوە".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل گرت و گوتی، "لە سەرەتای جەنگەکەوە ئیسرائیل 194 مزگەوت و 100 قوتابخانەی خاپوور کردووە، جگە لەوەش بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە زیانی زۆر بە 266 مزگەوت و سێ کەنیسە و 295 قوتابخانە کەوتووە".
جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل رۆژی 7-10-2023 دەستیپێکرد؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 29 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە غەززە کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.
رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا بە نێوەندگیری میسر و قەتەر گفتوگۆی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەچوو، بەڵام چوارشەممەی رابردوو، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە و داوای لە سوپا کرد ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.
بزووتنەوەی حەماس داوای دەکرد، ئاگربەستێک بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو رابگەیێندرێت؛ هەروەها داواشی کردبوو ئیسرائیل سەرجەم هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ