رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرباری هەموو گوشارەکان، دۆخی کشتوکاڵی تورکیا لە باشترین ئاستی جیهاندایە. بە نموونە دەڵێت، لە بەرهەمهێنانی هەنگوین دووەمی جیهان و یەکەمی ئەورووپان.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە، بەشداری لە خوانێکی بەربانگ کرد، کە بۆ ژمارەیەک جووتیار رێکخرابوو.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتارێکی پێشکێشکرد و وەڵامی ئۆپۆزیسیۆن بە گشتی و جەهەپەی بە تایبەتی دایەوە کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پەرلەمانی تورکیادا رایانگەیاندبوو، لە سایەی دەسەڵاتی ئاکپارتیدا شتێک بەناوی کشتوکاڵ نەماوە، زۆربەی بەروبوومەکان هاوردە دەکرێن.
ئەردۆغان رایگەیاند، منیش بە ژمارە وەڵامیان دەدەمەوە و گوتی: "لە 22 ساڵی دەسەڵاتماندا بە بەهای 2.7 تریلیۆن لیرە (71 ملیار و 337 ملیۆن دۆلار) پاڵپشتی کەرتی کشتوکاڵمان کردووە. تەنیا لە 2025 دا 24 ملیار لیرە (نزیکەی 635 ملیۆن دۆلار) پاڵپشتیمان بە جووتیاران داوە، لە کۆتایی ساڵ ئەم پاڵپشتییانە دەگاتە 135 ملیار لیرە (3 ملیۆن و 567 هەزار دۆلار)."
ئەردۆغان راشیگەیاند، لە تورکیا 206 بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێندرێت. لە زۆربەی ئەم بەروبوومانە پێداویستی نێوخۆییان پڕ کردووەتەوە. لە سەوزە و میوە چوارەمی جیهانن. لە بەرهەمی رووەکیدا 11ـەمینی جیهانن. لە بەرهەمی شیر 9ـیەمی جیهان و لە ئەورووپا سێیەمن.
سەبارەت بە بەرهەمەکانی دیکە ئەردۆغان گوتی: "لە بەرهەمی زەیتوون سێیەمی جیهان و دووەمی ئەورووپاین، لە بەرهەمی زەیتی زەیتوون پێنجەمی جیهان و چوارەمی ئەورووپاین، لە هەناردەی زەیتوون چوارەمینی جیهان و سێیەمی ئەورووپاین، لە هەناردەی زەیتی زەیتوون شەشەمی جیهان و پێنجەمی ئەورووپاین."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "لە گۆشتی سوور حەوتەمی جیهان و یەکەمی ئەورووپاین. لە گۆشتی مریشک نۆیەمی جیهان و دووەمی ئەورووپاین. لە بەرهەمی هێلکە 10یەمی جیهان و دووەمی ئەورووپاین. لە بەرهەمی هەنگوین دووەمی جیهان و یەکەمی ئەورووپاین."
بە گوتەی ئەردۆغان، پار بەبەهای 32.7 ملیار دۆلار بەرهەمی کشتوکاڵییان هەناردە کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە 2002 کاتێک دەسەڵاتیان وەگرت هەناردەی کشتوکاڵی تەنیا 2.6 ملیار دۆلار بوو. هەروەها لە 22 ساڵدا بەبەهای 110 ملیار دۆلار هەناردەی کشتوکاڵیان بۆ 121 وڵاتی جیهان هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ