تورکیا: بوونی یەپەگە لە سووریا کێشەیە

19-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات. هەروەها دەڵێت، ''رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە سووریا لەنێودەبەین.'' 
 
فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025) لە گوتارێکدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ''هەوڵەکانمان بۆ لەنێوبردنی رێکخراوی تیرۆریستییەکان لە سووریا و ناوچەکە بەردەوام دەبن.''
 
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا، جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و بوونی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـی لە سووریا بە ''کێشە'' ناوبرد و گوتی، ''تورکیا رۆڵی لە پاککردنەوەی رێخراوە تیرۆریستییەکان لە سووریا گێڕاوە و، ژیان و سەقامگیریی بۆسووریاییەکان دەستەبەرکردووە.''
 
ئاڵتوون ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی هەمیشە دەرگەی بە رووی پەنابەرانی سووریایی واڵا بووە و پشتیوانی لە گەلەکەی کردووە.
 
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی دووەمی 2025 لەسەر دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە رووخا، رۆژێک دواتر گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریایی لە تورکیاوە بۆ زێدی خۆیان دەستیپێکرد.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، تاوەکو ئێستا 81 هەزار و 576 پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، هاوکات دوو ملیۆن و 865 هەزار پەنابەری سووریایی لە تورکیادا ماون.
 
لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی سووریا و بەشێکی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان روویان لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە