لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە ڤیدیۆی سێکسی بۆ پەرلەمانتارێکی جەهەپە دروست دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتەیەکی سێکسی بڵاوکرایەوە گوایە پەرلەمانتارێکی جەهەپە-یە. پەرلەمانتارەکە دەڵێت "ڤیدیۆکە مۆنتاژکراوە." هۆبەی نیشتمانیی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانیش رایگەیاندووە، ڤیدیۆکە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دەستکاری کراوە. 
 
چوارشەممە 17ـی تەممووزی 2024، گرتەیەکی سێکسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە گوایە ڤیدیۆی مستەفا ساریگول، پەرلەمانتاری ئەرزینگانی جەهەپەیە. ساریگول، بێدەنگی شکاند و لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، ڤیدیۆکە مۆنتاژە، ئامانج لێی لەکەدارکردنی ناوبانگ و ناوزڕاندنی خۆی و خێزانەکەیەتی. 
 
مستەفا ساریگول، ئەوەشی راگەیاند، سکاڵایان تۆمارکردووە و چەند هەژمارێک کە دەستیان بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە کردووە، لەلایەن تیمی پسپۆڕەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. جەخت لەوەش دەکاتەوە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە لە رێگەی پسپۆر و شارەزاکانەوە ناڕاستیی ڤیدۆکە بسەلمێنن کە مۆنتاژکراوە و بە ژیریی دەستکرد ئەم کارە ئەنجام دراوە. 
 
لە گرتەڤیدیۆییەکەدا گوایە مستەفا ساریگول لە ژوورێکدا سێکس لەگەڵ پاسەوانی تایبەتی خۆی، کە پیاوە دەکات. 
 
دوای سکاڵاکە، دادگە بڕیاری سانسۆرکردنی گرتە ڤیدیۆییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سزادانی هەر کەسێکی دا کە ڤیدیۆکە بڵاودەکاتەوە.
 
داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ هاتە سەر هێڵ و داوای سزای قورس بۆ ئەو کەسانە دەکات ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە و پێداگری لەوە دەکات؛ دەبێ سەرچاوەی ئەم کارە ئاشکرا بکرێت. 
 
هاوکات، پارێزەرانی مستەفا ساریگول و تیمی پارێزەرانی جەهەپە راگەیێندراوێکیان لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە. باس لەوە دەکەن، هۆبەی نیشتمانیی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو کەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەرکەوتووە، مستەفا ساریگول نییە و کەسێکی دیکەیە. باس لەوەش کراوە، ڤیدیۆکە نوێ نییە و کۆنە. هەروەها بە ژیریی دەستکرد مۆنتاژ کراوە. 
 
پارێزەرانی جەهەپە ئەوەشیان روونکردەوە، راپۆرتی هۆبەی نیشتمانیی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان پێشکیشی سێیەم دادگەی تاوانەکانی ئیستەنبووڵ و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئیستەنبووڵ کراوە. دەسبەجێ بڕیاری سانسۆرکردنی ڤیدیۆکە و سزادانی هەر کەسێک دراوە، کە بڵاوی بکاتەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە