رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە وڵاتەکەی دەڵێ، دیدگەی ستراتیژیی تورکیایە بۆ سەتەی نوێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تورکیا وڵاتێک نییە کە رۆڵی بۆ دیاری بکرێ.
ئەردۆغان لە کاتی بەشداریکردنی لە کردنەوەی رێوڕەسمی (کۆنفرانسەکانی ئاسایشی نیشتمانی) کە ئەمرۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ستراتیژیی "بنبڕکردنی تیرۆر لە سەرچاوکەیەوە" بەتایبەتی دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووزی 2016 سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.
ئەردۆغان باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە دەرەوەی سنووری تورکیاش کرد و رایگەیاند، رۆڵێکی کاریگەرییان لە چەسپاندنی سەربەخۆیی تورکیادا بینیوە.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان لە عێراق و سووریا، ئەو سەقفە شووشەییەیان تێکشکاند کە بەسەر وڵاتەکەماندا سەپێندرابوو، بەمەش قۆناخێکی نوێ لە پرسی ئەمنیی ئێمە دەستیپێکرد. کاتێک پڕۆسەکە هاوتەریب لەگەڵ ئامانجەکانمان بە سەرکەوتوویی دەگاتە ئەنجام، تەنیا بەرەی نێوخۆمان بەهێز نابێت، بەڵکو ئەوە دەبێتەهۆی کردنەوەی دەرگای نوێ لە بەردەم گەلەکەمان".
ئەردۆغان رایگەیاند :"تورکیا نیشانی هەمووانی داوە کە وڵاتێک نییە رۆڵی بۆ دیاری بکرێ، بەڵکو خۆی چیرۆکی خۆی دەنووسێتەوە و بووەتە کاراکتەرێکی کایەگێڕ لە ناوچەکەدا."
سەرۆککۆماری تورکیا تیشکی خستە سەر پەرەسەندنە تەکنەلۆژییەکان و رایگەیاند، مامەڵەکردن لەگەڵ ژیریی دەستکرد وەک بابەتێکی ئەمنی کە رەهەندی ئەخلاقی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و ستراتیژیی هەیە، بۆ تورکیا لە هەڵبژاردن دەرچووە و بووەتە پێویستییەکی تەواو.
(کۆنفرانسەکانی ئاسایشی نیشتمانی) بەپێی رێنماییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا رێکدەخرێ و بڕیارە یەکەمین کۆبوونەوەی سبەی کاژێر 14:00 بەڕێوەبچێ و لە قۆناخەکانی داهاتووشدا زنجیرە کۆنفرانسەکان سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا کە باڵاترین دەستەی دەستوورییە لە تورکیا بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئەمنی و بەرگریی وڵاتەکە، بەردەوام دەبن.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)