رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رووی دەمی کردە حکومەتی تورکیا و رایگەیاند، ئەگەر جیدین سەرەتا دەرگای گرتووخانەی ئیمراڵی بکەنەوە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئازاد بکەن.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، لە گوتارێکیدا کە رۆژی یەکشەممە 17-11-2024 لە میتینگی "دیموکراسی و ئازادی" پێشکێشی کرد، باسی لەو پێشنیازانە کرد کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرا و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پاڵپشتی کرا.
هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لەسەر هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی کردەوە کە ئێستا وەکو دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری لێی دەڕوانرێت و رایگەیاند، ئەو پرۆسەیە بە تەوقەکردنێکی ناو پەرلەمان دەستیپێکرد، بەڵام هێشتا دەم پارتی نازانێت کە ئەوان چییان دەوێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها رووی دەمی کردە ئەنقەرە و گوتی: "ئێمە لە هەر دەرفەتێک و هەر کاتێکدا ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرین لە زەمینەیەکی ئاشتی و دیموکراسیدا. جا گوتیشمان ئەگەر ئێوە لەم بابەتەدا یاری ناکەن، ئەگەر گاڵتە بە هیوای خەڵک ناکەن و جیدین، بە جیدییەتی دەوڵەتەوە رەفتار بکەن و سەرەتا دەرگاکانی ئیمراڵی واڵا بکەن. با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە و پەیامەکەی بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبکاتەوە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی لە دەوڵەتی تورکیا گرت و گوتی: "ئێمە ماوەی 40 ساڵە لەپێناوی دەستەبەرکردنی ئاشتی خەبات دەکەین. لەپێناوی ئەوەی دادپەروەری و دیموکراسی بێتە وڵاتەکە و برایەتی و یەکسانی لەنێو خەڵکەکەی جێگیر بێت، خەباتمان کرد. ئەوان چییان کرد؟ هەموو جارێک هەوڵی ژێرپێکردنی کوردیان دا. هەروەها هەوڵی ژێرپێکردنی ئەو شۆڕشگێڕانەیان دا کە لەگەڵ گەلی کورد هاوپشت بوون، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون".
رۆژی 22-10-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت، بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
ئەگەرچی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیریی خۆی بۆ هەنگاوەکەی باخچەلی راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەمبارەیەوە نەنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ