رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەم پرۆسەیەی ئێستای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەوان هەنگاوێکی بوێرانەیان ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵە.
لە خوانێکی بەربانگ کە لە بارەگای سەرەکیی ئاکپارتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لەم پرۆسەیەی ئێستا کرد، کە لە تورکیا و ناوچەکەدا رۆژەڤە.
هەرچەندە هێشتا ئەو پرۆسەیە بە فەرمی ناوێکی نییە، بەڵام حکومەتی تورکیا بە دروشمی 'تورکیای بێ تیرۆر' و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ش بە دروشمی 'بەدیموکراسیبوونی تورکیا' هاتوونەتەپێش و دیدارەکانی ئەم پرۆسەیە بەردەوامن.
ئەردۆغان سەبارەت بە پرۆسەکە گوتی: "ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بە دەستپێشخەریی تورکیای بێ تیرۆر بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ، هەنگاوێکی بوێرانەمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بەڵایە ناوە، کە زیانی 40 ساڵ، دەیان هەزار گیان و سەتان هەزار ملیار دۆلاری لە تورکیا داوە".
ئەمانە لەکاتێکدان شاندی دەم پارتی بەردەوامە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتەکانی تورکیا و بڕیارە دوای جەژنی رەمەزان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانیش کۆببێتەوە.
دەستپێشخەریی پرۆسەیەکی نوێ
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
پەکەکە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ناکات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەکدانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا. هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ