تورکیا گیانلەدەستدانی 7 گەریلا و پەکەکەش کوژرانی سێ سەربازی تورکیای راگەیاند

15-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 7 گەریلای پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. پەکەکەش دەڵێت سێ سەربازی تورکیایان کوشتووە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی 7 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی لە ناوچەکانی قەندیل و مەتین لە هەرێمی کوردستان راگەیاند کە بە هێرشی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.
 
وەزارەتەکە دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەموو دۆخێکدا بەردەوام دەبن.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، رۆژی 18ـی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی زاپ و مەتین لە هەرێمی کوردستان، هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و سێ سەربازیان لێ کوشتوون.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە "چنگ - قوفڵ" کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە