رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی زافەر گفتوگۆکانی پەیوەست بە پرسی کورد و پرۆسەی چارەسەریی بە "پرۆسەی ئیمراڵی" ناوبرد. هەروەها دەشڵیت، ئەوەی ئۆجەلان دەیەوێت، بە تەنیا ئازادکردنی خۆی نییە، "بەڵکو ئازادکردنی هەموو پەکەکەییەکانە."
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر ئەمڕۆ دووشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025 بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کرد و لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی کرد.
لەسەر هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئۆزداغ رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، "سەرەتا هەڵوێستی تووند و دانانی قەییووم، دواتر تەوقەکردن، سەردانی یەکدی، پاشان دیسان هەڵوێستی تووند. بەم جۆرە سەر لە کۆمەڵگەش دەشێوێنن، پرۆسەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت."
لەبارەی دەوڵەت باخچەلییەوە، سەرۆکی پارتی زافەر گوتی، "ئێستا مەهەپەییەک هەیە دەڵێت، ئاشتی بۆ هەمووان دەستکەوتە. رەوایە باسی ئاشتی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی بکرێت؟ نابێت شەڕ لەگەڵ تیرۆر بکرێت، با ئاشتی لەگەڵ تیرۆر بەرقەرار بێت."
ئۆزداغ جەختیکردەوە کە دژی پرۆسەکەیە و رایگەیاند، "دەبێت تیرۆر لەگەڵی رووبەڕوو ببیتەوە. دەبێت تیرۆر خۆی رادەست بكات، ئەو ئاشتییەی باسی دەكەن، شتێكە پەكەكە داوای دەكات، ئەویش لە چوارچێوەی مەرجەكانی خۆی، لەنێو دوو كەوانە (پرۆسەی ئاشتی)، ئەمە لە بەرژەوەندیی رێكخراوی تیرۆریستییە، لە بەرژەوەندیی ئیمراڵییە."
سەرۆکی پارتەکە ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆکان لەبارەی ئاشتییەوە تائێستا هیچ ناوێکی لێ نەنراوە، باسی لەوەش کرد، "ئێمە پێی دەڵێین پرۆسەی ئیمراڵی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئۆزداغ ئاماژەی بەوە کرد، "ئۆجەلان پرۆسەیەک قبووڵ ناکات تەنیا باس لە ئازادکردنی خۆی بکات. ئەوەی ئۆجەلان دەیەوێت، ئازادکردنی هەموو پەکەکەییەکانی گرتووخانەکانە."
سەرۆکی پارتی زافەر پێیوایە، "ئەوەی لەسەر رێكخراوی تیرۆریستی پێویستە، بەبێ هیچ مەرجێک خۆیان رادەست بكەن، چەكەكانیان رادەست بكەن."
ئەوەش لە کاتێکدایە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد نرا.
شاندی دەم پارتی رۆژی شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
رۆژی شەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2025 شاندەکە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە لە گرتووخانەی ئەدیرنە کرد، پاڵپشتیی دەمیرتاشیان لەبارەی پرۆسەکە بۆ رای گشتی راگەیاند.
شاندەکە بۆ رۆژی دواتر سەردانی فیگەن یوکسەکداغی لە گرتووخانەی کاندرا لە کۆجائەلیی تورکیا کرد. یوکسەکداغ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە پەیامێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ پرۆسەکە راگەیاند، جەختی لە گرنگیی رۆڵی ئۆجەلان لە پرۆسەکە کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ