تورکیا
پەنابەرە سووریاییەکان لەسەر سنووری تورکیا و سووریا ریزیان بەستووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ وڵاتی خۆیان، حکومەتەکەیان هەنگاوی پێویست دەنێت.
فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 10-12-2024، لە رێوڕەسمێکدا گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "مێژوو گەواهیدەری گەورەترین قەیرانی مرۆیی بوو کە بۆ ماوەی 13 ساڵ لە سووریا روویدا و بووە هۆی ئاوارەبوونی 12 ملیۆن هاونیشتیمانیی ئەو وڵاتە."
لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد بەشێک لە پەنابەرانی سووریا لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیان بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان کردووە.
ئاڵتون گوتی، ''بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پەنابەرە سووریاییەکان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە، سەقامگیرانە و شەرەفمەندانە بۆ وڵاتی خۆیان، حکومەتەکەمان هەنگاوی پێویست دەنێت''.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، گەورەترین کاری لەپێشینەی وڵاتەکەی سەقامگیریی سووریایە و گوتی، ''وەک سەرۆککۆمارمان ئاماژەی پێکردووە، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکپارچە کە گرووپە دینی و نەتەوەییەکان لەخۆی بگرێت، پاڵپشتیی لە یەکپارچەیی و یەکێتیی سووریا دەکەین''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە، لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە ئەنقەرە، گوتی: "دوو ملیۆن و 936 هەزار پەنابەری سووریایی لە تورکیادا دەژین."
رۆژی 08-12-2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام، دیمەشقی پایتەختییان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ