رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی سووکایەتی بە سەرۆککۆماری تورکیا، سکاڵا لەسەر سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) تۆمار کرا.
حوسێن ئایدن، پارێزەری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 8ی نیسانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی (قۆرخکار) لە بەرامبەر بەڕێز سەرۆککۆمارمان، لە دادگەی ئەنقەرە سکاڵای قەرەبووی مەعنەوی بە بڕی 500 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 13 هەزار و 162 دۆلار) لەسەر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە تۆمار کراوە."
ئایدن نووسیویشیەتی، "هاوکات بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار، لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە سکاڵا لەسەر ئۆزگور ئۆزەل تۆمار کراوە."
سەرۆکی جەهەپە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 6ی نیسانی ئەم مانگە، لە 21مین کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەیدا بە سەرۆکی پارتەکەی هەڵبژێردرایەوە، گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "ئەمڕۆ قۆرخکارێک تورکیا بەڕێوەدەبات، کە لە هەڵبژاردن و رکابەرەکەی و گەل دەترسێت. تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارێک نییە پاڵپشتیی گەلی بەدەستهێنابێت، بەڵکو بووەتە سەرۆکێکی قۆرخکار و ئەوانە بە ئامانج دەگرێت کە پاڵپشتیی گەلیان بەدەستهێناوە و وەکو رکابەری خۆی دەیانبینێت."
ئەو گرژییانەی نێوان جەهەپە و حکومەتی تورکیا دوای ئەوە هات، رۆژی 19ی ئاداری ئەم ساڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستبەسەر کرا و دواتریش لە 23ی هەمان مانگ، بە تۆمەتی "گەندەڵیی دارایی" خرایە زیندانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ