هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: چاوەکان لەسەر حکومەتی تورکیان

08-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، هەموو چاوەکان لەسەر حکومەتی تورکیان. دەشڵێت، پێویستە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی سێشەممە 8ی نیسانی 2025، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، "ئێستا گەلی کورد و گەلانی تورکیا زیاتر لە هەموو کاتێک، لەپێناو ئاشتی یەکیان گرتووە."
 
باکرهان رایگەیاند، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، هەموو چاوەکان لەسەر حکومەتی تورکیان، "بەڵام خەمساردی هەیە. کێ بە چاوەڕوانی بە ئاشتی گەیشتووە؟ ئەگەر نموونەیەک هەیە، بیڵێن و با ئێمەش بە ئارامی لە ماڵەوە دابنیشین."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، دەبێت هەمووان خاوەندارێتی لە پرۆسەی چارەسەری بکەن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "کات کاتی ترس نییە، بەڵکو کاتی بوێرییە. گوتمان، ئێمە لەگەڵ گرژیدا نین، بەڵکو لەگەڵ سازانی دیموکراسی و ئاشتیداین، لە گوتنی ئەمەش بەردەوام دەبین."
 
لەبارەی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان، باکرهان گوتی، "گەورەترین پرسی کۆمار تاوتوێ دەکرێت، کەچی کارەکتەری پرسەکە هێشتا لەژێر گۆشەگیریدایە. ئەگەر داوای ئاشتی دەکرێت، بۆچی هێشتا گۆشەگیری بەردەوامە؟ بۆیە دەمەوێت بڵێم: وەکو یەکەمین هەنگاو بەرەو ئاشتی، پێویستە گۆشەگیری هەڵبگیرێت."
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) 27ی شوباتی ئەم ساڵ، لە بانگەوازێکدا داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
دوو رۆژ دواتر، پەکەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای ئازادکردنی ئەو خۆپێشاندەرانەی کرد کە دژی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و گوتی، "هەڵوێستی دەم پارتی روونە؛ ئێمە دژی هەموو نادادی و نایاساییەکین."
 
بە گوتەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، تاوەکو ئێستا 1879 کەس لە خۆپێشاندانەکانی پارێزگا جیاجیاکانی تورکیا دەستبەسەرکراون.
 
ئیمامئۆغڵو 19ی ئاداری ئەم ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیستەنبووڵەوە دەستبەسەر کرا و 23ی ئاداریش بە تۆمەتی |گەندەڵیی دارایی" خرایە زیندانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە