رووداو دیجیتاڵ
بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئامەد، وێنەی شێخ سەعیدی پیرانی بە هەڵواسراوی کردووەتە مەدالیای بۆنخۆشکاری نێو ئۆتۆمبیل. بارۆی ئامەد ئەمەی بە سووکایەتی وەسفکرد و سکاڵای تۆمارکرد.
مەدالیاکە لە ئاوێنەی ئۆتۆمبێل هەڵدەواسرێت و وێنەی ساتی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی لەسەر چاپکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان بەرهەمەکە ماوەیەکە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت، بەڵام دوای ئەوەی ریکلامی بۆ کرا، زیاتر بینرا و کاردانەوەی تووندی بەشێک لە هاونیشتمانییانی بەدوادا هات.
بارۆی ئامەد راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "سکاڵامان لە دژی ئەو کەسە تۆمارکرد، کە وێنەی شێخ سەعیدی لەسەر بۆنخۆشکاری ئۆتۆمبیل چاپکردووە. ئەمە سووکایەتییەکی گەورەیە بە کەسایەتیی شێخ سەعید. پرۆسەی یاسایی سکاڵاکە دەستیپێکردووە و بەدوایدا دەچین."
لە سکاڵانامەکەی بارۆی ئامەد داواکراوە، جگە لە قەدەخەکردنی ئەو بەرهەمەکە، پێویستە خاوەنەکەی سزا بدرێت.
ئەو کەسەی بەرهەمەکەی دروستکردووە لە بەرامبەر سکاڵای بارۆی ئامەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، "دوو دانە لەو بۆنخۆشکارە بۆ سکاڵاکارانیش دەنێرم، با خۆشیان پارەی کارگۆ بدەن."
شێخ سەعیدی پیران ساڵی 1865 لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە. شێخ سەعید 13-2-1925 شۆڕشێکی لە دژی حكومەتی كۆماریی توركیا دەستپێکرد.
ماوەیەک گەمارۆی ئامەدی دا و لەگەڵ دەوڵەت لە پێکداداندا بوو. سەرەنجام لە نیسانی هەمان ساڵدا شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، عەلی غالب، رەشید ئاغا و 26 شۆڕشگێڕی دیکە لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلگیران. شێخ سەعید و 47 هاوڕێی هەر لە ئامەد لەسێدارەدران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ