رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ئۆرسام) لە ئەنقەرە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەر دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی ئەرێنی دەنێن. هەروەها دەشڵێت، بۆ ئەوەی شەڕوپێکدادان کۆتاییان بێت، پێویستە کار لەسەر بوژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە بکرێت.
قادر تەمیز، رۆژی یەکشەممە 2ی ئاداری 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەر گوتی، ''ئێستا لە سەروبەندی پرۆسەیەکی نوێداین، بۆیە ناتوانین لەبارەی هەندێک پێشهاتی کردەییەوە قسە بکەین. بەڵام ویستی لایەنەکان بۆ هەنگاوی ئەرێنی بەردەوامە''.
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆرسام ئاماژەی بەوەش کرد، کاری لەپێشینەی تورکیا لە ناوچەکە بوژاندنەوەی ئابووری و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، پێشیوایە، دەبێت سەرەتا لە ناوچەکە کار لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری بکرێت، ئەگەرنا شەڕوپێکدادانەکان بەردەوام دەبن.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: سری سورەیا ئۆندەر دەڵێت، هەفتەی داهاتوو شاندەکەیان لەگەڵ شاندی حکومەت کۆدەبێتەوە، ئایا لە کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و شاندی حکومەت چ بابەتێک تاوتوێ دەکرێت؟
تەمیز: ئێستا لە سەروبەندی پرۆسەیەکی نوێداین، بۆیە ناتوانین لەبارەی هەندێک پێشهاتی کردەییەوە قسە بکەین. ویستی لایەنەکان بۆ هەنگاوی ئەرێنی بەردەوامە. خۆتان دەزانن ئەم پرۆسەیە لە پڕێکدا دەستیپێنەکرد، لە ژێر رۆشنایی کۆمەڵێک پێشهاتی ناوچەیی و جیهانیدا دەستیپێکرد، لایەنەکانیش لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان ئاگەدارن، بە تایبەت دوایین رووداوەکانی سووریا. دوای کشانەوەی هەندێک لە کارەکتەرەکانی ناوچەکە، تورکیا و کارەکتەرەکانی دیکە دەستپێشخەرییان کرد. لەبەر ئەم هۆکارانە، پێشهاتی کردەیی روودەدەن، ئیستا تەنیا راگەیێندراوێک هەیە، دوای ئەمە، هەموومان چاوەڕێین پێشهاتی کردەیی رووبدات و ببێتە مایەی بەقەرارکردنی ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بۆ گەلی کورد، تورکیا و ناوچەکە.
رووداو: پەکەکە ئاگربەستێکی تاکلایەنەی راگەیاند، دەیەوێت ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە بکات و لە کۆنگرەکەدا بڕیار بدات چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە، بەڵام هێشتا شەڕ بەردەوامە و هەلیکۆپتەر باشووری کوردستان بۆردوومان دەکات، چۆن پەکەکە لە هەلومەرجێکی وەهادا کۆنگرە ببەستێت؟ بۆچی حکومەت رێوشوێنی پێویست ناگرێتەبەر؟
تەمیز: تورکیا لە ناوچەکە دوو کاری لەپێشینەی هەن، تورکیا هەر لەسەرەتاوە جەختی لەمە کردووەتەوە، ئێمەش وەک ناوەندی لیکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کردوومانن، تێبینی ئەو دوو کارە لەپێشینەیە لە ناوچەکە دەکەین. یەکەمیان؛ هەموو گەلانی ناوچەکە داوای بوژاندنەوەی ئابووری دەکەن، ئەمە لە باشوورەوە تاوەکو باکوور، لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو رۆژئاوا، گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داوای بوژاندنەوەی ئابووری دەکەن. سووریا، غەززە، عێراق و جوگرافیای کوردستان، وڵاتانی باڵقان و ئاسیای نێوەڕاست، هەموویان لە شەڕ ماندوو بوون. لە تورکیا رۆژەڤێکی ئەرێنی بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی ئەو ناوچانە هەیە، ئەم پرۆسەیە لەمێژە کاری بۆ کراوە. ئەو لایەنەی پەیوەندیی بە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردی عێراقەوە هەیە، رۆژەڤی رێگەی گەشەپێدانی عێراقە. کاری لەپێشینەی دووەم؛ بابەتی سەقامگیرکردنی ئەمنییە.
رووداو: پەکەکە ئاگربەستی راگەیاندووە و بڕیارە کۆنگرە ببەستێت، بەڵام هێشتا شەڕ بەردەوامە، چۆن لەژێر هێرش و بۆردووماندا کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت؟
تەمیز: منیش رێک دەمویست ئەمە بڵێم، دەبێت لایەنەکان ئەم دیوە ئەرێنییە ببینن. تورکیا هەنگاوێکی ئەرێنی دەنێت، بەڵام ئەمە هەمیشە لایەنێکی ئەمنیی هەیە، ئەگەر لە بابەتی بوژاندنەوەی ئابووری، سیستەمی سیاسی و دانانی چەک هەنگاوی ئەرێنی نەنرێن، بابەتی ئەمنی بەردەوام دەبێت، بەداخەوە ئەمە، وەک راستیێکی ناوچەکەمان بەردەوامە. من پێموایە کۆماری تورکیا لە پاڵ کارە لەپێشینە ئەمنییەکانیدا، کار لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری، سیستەمی سیاسی و ویستی سیاسی دەکات و ئەم حکومەتەی ئێستاش هەر لەگەڵ ئەم بژاردەیەیە. ئێستا راگەیێندراوێک هەیە و لە بەرامبەر ئەم راگەێندراوەشدا گوتەیەک هەیە. ئەمە پرۆسەیەکی ئەرێنییە، ئەم پرۆسەیەش بەرەو کوێ دەڕوات، هەموومان بەیەکە دەیبینین. بۆیە دەبێت بابەتی ئەمنی و رۆژەڤی ئەرێنی (بوژانەوەی ئابووری) بەدروستی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، هیچ کەسێک ناتوانێت لە یەک کاتدا کۆتایی بەم دوو بابەتە بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ