نەتەوەیەکگرتووەکان لیژنەیەک بۆ زانینی چارەنووسی 130 هەزار هاووڵاتیی بێسەروشوێن لە سووریا پێکدەهێنێت

30-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ دەرخستنی چارەنووسی 130 هەزار ونبووی شەڕی نێوخۆی سووریا پێکدەهێنێت.

لە کۆبوونەوەکەدا 83 ئەندام بە بەڵێ و 11 ئەندام بە نەخێر لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 193 ئەندام پێکهاتووە، دەنگیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لە دیارنەمانی 130 هەزار هاووڵاتیی دانیشتووی سووریا و هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان دا؛ 63 ئەندامی کۆمەڵەکەش دەنگیان نەدا.
 
لەنێو ئەوانەدا کە دەنگیان بە نەخێر دا، رووسیا، چین، بێلاڕووس، کۆریای باکوور، کوبا و ئێران بوون؛ سووریاش هەروەها دەنگی بە نەخێر دا و رایگەیاند، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو لیژنەیەدا ناکات.
 
پڕۆژەیاساکە لەلایەن لوکسمبۆرگەوە بۆ کۆمەڵەکە بەرزکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، دوای زیاتر لە 12 ساڵ شەڕ لە سووریا، "کەمترین بەرەوپێشچوون لە کەمکردنەوەی ئازاری خێزانەکان و وەڵامدانەوەیان لەبارەی چارەنووس و سۆراخی بێسەرووشوێنبووەکان بەدەستهاتووە".
 
بە گوێرەی پڕۆژەکە؛ لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ دۆزینەوەی ونبووەکان لە سووریا پێکدەهێنرێت کە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات و ئەرکەکەشی بریتی دەبێت لە زانینی سۆراخی کەسە ونبووەکان و پاڵپشتیکردنی مرۆیی و دارایی کەسوکاریان.
 
بنەمای پڕۆژەیاساکە بریتییە لەوەی، ئەو کەسانەی زانیاری لەبارەی کەسە ونبووەکانەوە دەدەن "هیچ زیانێکیان بەرنەکەوێت" و روونی و دڵنیایی سەرچاوەی زانیارییەکان دڵنیابکرێتەوە.
 
لەماوەی 80 رۆژی داهاتوودا پێویستە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەکە پێکبهێنێت بۆئەوەی دەست بە کارەکانی بکات. 
 
بەسام سەباغ، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو پڕۆژەیاسایە "بە سیاسی کراوە و دەستوەردانێکی ئاشکرای کاروباری نێوخۆیی" سووریایە. گوتیشی، ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە لەو "ئاراستە تووندوتیژەی" نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بەرامبەر سووریا هەیانە.
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستی پێکرد و تاوەکو ئێستا بەهۆیەوە نزیکەی 500 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 12 ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون یان بوونەتە پەنابەر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە