رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لە چیای حەرەمۆن-جەبەل شێخ و رایگەیاند، هێزەکانیان لە سەر ئەو چیایە دەمێننەوە، بۆ رێگری لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان؛ دەشڵێت، رێگە بە تورکیا نادەن بەرژەوەندییەکانیان بخاتە مەترسییەوە.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026، یسرائیل کاتز، رایگەیاند :"ئێمە لە چیای حەرمۆن (جەبەل شێخ) یان لە ناوچە ئەمنییەکان دەمێنینەوە تاوەکو ئەو کاتەی هەڕەشەی جیهادییەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هەبێ".
کانوونی دووەمی 2024، گرووپە چەکدارەکانی ئەو کاتی سووریا رژێمی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکیان لەو وڵاتە دامەزراند. کەمتر لە مانگێک دوای رووخانی ئەسەد، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە جوڵەیان کرد و چیای حەرەمۆن-جەبەک شێخیان گرت، ئەوان ژمارەیەک ناوچەی دیکەی سووریایان لە پارێزگاکانی دەرعا، قونەیتەرە و ریفی دیمەشق گرت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد:" پەیامەکە بۆ سەرۆکی سووریا روونە: کاتێک بەیانیان لە کۆشکەکەت لە دیمەشق لە خەو هەڵدەستیت، بڕوانە بەرەو چیای حەرەمۆن و سوپای ئیسرائیل ببینە بزانە ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانمان و سنوورەکانمان".
گوتیشی، "ئێمە دژی هەوڵێکی تورکیا وەستاینەوە بۆ دروستکردنی پێگەیەک لە سووریا بە جۆرێک بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی دەخستە مەترسییەوە. ئێمە هەڵوێستی خۆمان روون کردەوە و لە داهاتووشدا بە جێگیری لەسەری دەمێنینەوە."
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەشت مووشەکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوهور لە پارێزگای ئیدلب کرد. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، هێرشەکە رێک ئەو کاتە بووە کە شاندێکی سەربازیی تورکیا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە سەردانی شوێنەکەیان کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئەم هێرشەی بە "دەستدرێژییەکی بێ پاساو" ناوبرد و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەڵوێستی هەبێت.
واشنتن نیگەرانی لە هێرشەکەی ئیسرائیل دەربڕی. تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا رایگەیاند هێرشەکەی ئیسرائیل "زیادکردنێکی ناپێویستی گرژییەکانە." ئەمریکا پێیوایە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە سووریا هەڵوێستی شەڕەنگێزانەی نەبووە و باشترە لایەنەکان پەنا بۆ دیپلۆماسی ببەن.
.webp&w=3840&q=75)


