رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل چووە جەبەل شێخ لەنێو خاکی سووریا و رایگەیاند، لەو ناوچەیە ناکشێنەوە. دواتر، وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی ئەم سەردانەی کرد و رایگەیاند، ئەمە دنەدانێکی روون و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "کۆماری عەرەبیی سووریا سەرکۆنەی ئەو هاتنە نایاساییە دەکات کە ئەمڕۆ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەنجامی دا و سنوورە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری عەرەبیی سووریای بەزاند، کە ئەمە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی وڵات و یەکپارچەیی خاکەکەیەتی".
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم کارە دووژمنکارییانە دنەدانیکی روون و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بریاڕی نەتەوە یەکگرتووەکانە؛ هەروەها لادانە لە پابەندییەکانی رێککەوتننامەی ساڵی 1974 و ئەو رێزگرتنەی کە دەبێت بۆ هێڵەکانی ئاگربەست هەبێت و نەبەزێندرێن".
رێککەوتننامەکە لە 31ی ئایاری 1974 لە شاری جنێڤ واژۆکرا بە مەبەستی راگرتنی شەڕی 1973. ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ناوچەی جیاکەرەوە و جێگیرکردنی هێزی نێودەوڵەتی بوو لەنێوان هەردوو سوپای سووریا و ئیسرائیلد
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەروەی سووریادا ئاماژە بەوەشکراوە: "کۆماری عەرەبیی سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتییە یاسایی و سیاسییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ناچارکردنی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییە دووبارانە و کشانەوەی دەستبەجێ و تەواوەتی لەو خاکە سوورییەی هێزەکانی داگیرکەر چوونەتە ناوی".
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەردانەکەیدا بۆ ئەو ناوچەیەی سووریا رایگەیاند :"ئێمە لە چیای حەرمۆن (جەبەل شێخ) یان لە ناوچە ئەمنییەکان دەمێنینەوە تاوەکو ئەو کاتەی هەڕەشەی جیهادییەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هەبێ".
کانوونی دووەمی 2024، گرووپە چەکدارەکانی ئەو کاتی سووریا دەسەڵاتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکیان لەو وڵاتە دامەزراند. کەمتر لە مانگێک دوای رووخانی ئەسەد، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە جووڵەیان کرد و چیای حەرەمۆن (جەبەل شێخ)یان گرت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "پەیامەکە بۆ سەرۆکی سووریا روونە: کاتێک بەیانیان لە کۆشکەکەت لە دیمەشق لە خەو هەڵدەستیت، بڕوانە بەرەو چیای حەرەمۆن و سوپای ئیسرائیل ببینە و بزانە ئێمە لێرەین بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانمان و سنوورەکانمان".
کاتز گوتیشی: "ئێمە دژی هەوڵێکی تورکیا وەستاینەوە بۆ دروستکردنی پێگەیەک لە سووریا. ئێمە هەڵوێستی خۆمان روون کردەوە و لە داهاتووشدا بە جێگیری لەسەری دەمێنینەوە."
مەبەستی کاتز ئەو هێرشە بوو رۆژی 18ـی ئابی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زهور لە پارێزگای ئیدلب ئەنجامیان دا.
جەبەل شێخ دەکەوێتە سنووری نێوان سووریا و لوبنان و بەرزترین لووتکەی دوو هەزار و 814 مەترە، کە وەک بەرزترین لووتکەی سووریا هەژمار دەکرێ. بەشێکی چیاکە بەستراوەتەوە بە بەرزاییەکانی گۆلان لە باشووری سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلە. ئەم چیایە پێگەیەکی یەکجار ستراتیژی و سەربازیی هەیە، چونکە بەسەر دیمەشق و ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل و لوبناندا دەڕوانێت؛ هەروەها سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوی رووباری ئوردنە.

.webp&w=3840&q=75)

