رووسیا: درۆنێکی هاوپەیمانان لە ئاسمانی سووریا لە فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیا نزیکبووەتەوە

29-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، رێگرییان لە پێکدادانی فڕۆکەیەکی جەنگیی وڵاتەکەیان و درۆنێکی ئەمریکی لە ئاسمانی سووریا کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی درۆنەکە بەشێوەیەکی "مەترسیدار" لە فڕۆکەکە نزیکبووەتەوە.
 
ئۆلێگ گورینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی رووسیا لە سووریا رایگەیاند، "درۆنێکی هاوپەیمانان مەترسیدارانە لە فڕۆکەیەکی جەنگی رووسی نزیکبووەتەوە." 
 
ئەو فەرماندە رووسیە باسی لەوەکرد، "رۆژی 28ی تەممووز، کاژێر 7:55 خولەکی سەرلەبەیانی درۆنی MQ-9ی هاوپەیمانان لە بەرزی 5000 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە لە شارۆچکەی نەفلە لە پارێزگای رەققە لە فڕۆکەی Su-34 نزیکبووەوە." 
 
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، "فڕۆکەوانە رووسییەکە ئەوپەڕی پرۆفیشناڵیتی پەیڕەوکردووە بۆ رێگریکردن لە پێکدادان لەگەڵ درۆنەکەدا."  
 
ئەمە جاری یەکەم نییە رووداوی هاوشێوە لە ئاسمانی سووریا لە نێوان هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و رووسیادا رووبدات. 25ی ئەم مانگە، ئەمریکا هێزی ئاسمانیی رووسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە درۆنێکی MQ-9 ریپەریان هەراسانکردووە، ئەویش بە فڕین لە نزیکی. 
 
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف هەیە و بەشێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ هەسەدە کاردەکات. 
 
رووسیاش لە ئەیلوولی 2015ەوە دەستوەردانی راستەوخۆی سەربازییانەی لە سووریا کرد و ئەوەش وایکرد، سوپای ئەو وڵاتە لە ماوەی دوو ساڵدا بەشێکی زۆری ناوچە لەدەستدەرچووەکانی کۆنترۆڵ بکاتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە