گوتەبێژی ئەنەکەسە: بەشداری پێنەکردنی کورد لە دیالۆگی نیشتمانیی سووریا هەڵەیەکی گەورەیە

26-02-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە رایگەیاند، بەشداری پێنەکردنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، "هەڵەیەکی گەورەیە" و دەبێت چارەسەر بکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنەکەسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای رژێمی ئەسەد، هیوایەکی زۆرمان بە سووریای نوێ هەڵچنی کە کورد بەشێکی سەرەکی و کارا بێت لە دانوستاندنەکان و بنیاتنانەوەدا، بەڵام بەداخەوە لە کۆنگرەکەدا بزووتنەوەی سیاسیی کورد پەراوێز خرا."
 
کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە، 24 و 25ی مانگ بەڕێوەچوو.
 
گوتەبێژی ئەنەکەسە دەڵێت، "پێش رووخانی رژێمی ئەسەد، کورد توانیی بە خەبات و خۆپێشاندان و بەرهەڵستی، ترسی خەڵک لەو رژێمە بشکێنێت، ئێستاش کۆنگرەی نیشتمانی بەبێ کورد بکرێت؛ نیشانەیەکی خراپە."
 
فەیسەڵ یوسف داوا دەکات "ئەوەی بەعس کردی، دووبارە نەکرێتەوە و کورد و هیچ نەتەوە و پێکهاتەیەک لە سووریای نوێدا پەراوێز نەخرێت."
 
دوای کۆنگرەکەش، 35 حیزبی رۆژئاوای کوردستان لەبارەی کۆنگرەکەوە، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، "ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە هیچ واتا و نرخێکی نییە، هیچ سوودێکی لێ وەرناگیرێت و رێگە بۆ چارەسەرێکی راستەقینەی ئاڵۆزیی وڵات دروست ناکات."
 
رۆژی سێشەممەش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و گوتی، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، سەرجەم گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، چاویان لەوە بوو سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەموو سوورییەکان بنیات بنرێت، بەبێ پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، رەنگە کۆنگرەی نیشتمانی یەکێک بووبێت لە داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشەکەی، کە زیاتر لە 14 ساڵی خایاندووە، لە سەرەتای رووخانی رژێمی لەناوچوو سەرجەم سوورییەکان گفتوگۆیان دەکرد و، چاویان لە کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا بوو لەگەڵ هەنگاوە کردارییەکان بۆ قۆناخی بنیادنانی دەوڵەت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، ئەو هەنگاوانەی ئیدارەی جێبەجێکردنی کارەکان لە سووریا هەڵیدەگرێت، سەبارەت بە پرسی گفتوگۆ و بەشداریکردن، جێگەی هیوا نەبوون.
 
لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، لە 11ـی شوباتى 2025 بە بڕیارى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە، کە 7 ئەندامن؛ رۆژی چوارشەممە 12ـی شوبات، بە فەرمى بڕیارەکە بڵاوکرایەوە.
 
نزیکەی 600 کەس لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بەشدارن و هیچکام لە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەشدارییان نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە