رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندەواری حەلەب لە سووریا، تەرمی پێشنوێژی مزگەوتێکیان دۆزییەوە کە بە گوللە لە سەری دراوە. ئەمە دوای ئەوە دێت کە کەسوکاری قوربانییەکە رایانگەیاندبوو مەلایەکە بە بە ناوی مارەبڕین لە ماڵەکەی بردراوەتە دەرەوە.
رۆژی چوارشەممە، 26ی ئابی 2026، میدیاکانی سووریا بڵاویانکردەوە، دانیشتووانی ناوچەکە تەرمی شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجاعیدیان لەسەر رێگای نێوان سوران - تەلالین لە باکووری حەلەب دۆزیوەتەوە. زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەلایەکە بە گوللـەیەک کوژراوە.
چالاکڤانانی سووری لە زاری کەسوکاری قوربانییەکەوە گواستیانەوە، کە چوار کەسی نەناسراو چوونەتە ماڵی شێخ عەبدولڕەحمان و داوایان لێکردووە لەگەڵیان بچێت بۆ گرێبەستێکی هاوسەرگیری لە ناوچەکە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی سووریا رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وردی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی کوژرانی شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجاعید، پێشنوێژی گوندی تەلالین دەکەن.
ئەحمەد حەلاق، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە رایگەیاند: "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کوژرانی شێخ عەبدولڕەحمانمان پێگەیشت. وەزارەت بە گرنگییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەم تاوانە قێزەونە دەکات تاوەکو وردەکارییەکان ئاشکرا ببن و بکەرانی سزا بدرێن."
شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجاعید لە سەرەتای شۆڕشی سووریا لە ساڵی 2011ەوە ئاوارەی ناوچەکانی باکووری سووریا بووە. لەو ماوەیەدا لە چەندین قوتابخانە و پەیمانگای ئایینی کاری کردووە و وەک مامۆستایەکی شارەزای بوارەکانی رێزمان و رەوانبێژی ناسراو بووە.
عەقید محەممەد عەبدولغەنی، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دۆسیەی کوشتنی شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجاعید لە گوندی تەلالین بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون دەریخستووە، پاڵنەرەکانی پشت ئەم تاوانە تەنیا "تاوانکاری و کەسین" و هەموو ئەو دەنگۆیانەی دیکە کە باس دەکرێن دوورن لە راستییەوە.
عەقید محەممەد عەبدولغەنی گوتیشی، لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکان هێشتا بەردەوامن. داواشی لە هەموو دەزگا میدیاییەکان کرد کە کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆکان بهێنن و پێش رێکارە یاساییەکان نەکەون بە لێکدانەوە و شیکاریی بێبنەما، بەڵکو چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی بن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بڵاودەکرێتەوە.



