رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرێک لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە دوای 8-12-2024ـە و کەوتنی ئەسەد، داعش هێرشەکانی بە رێژەی 50٪ زیاد کردووە.
لەزگین ئیبراهیم، لێکۆڵەرە لە ناوەندی فورات بۆ لێکۆڵینەوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نوورۆژی رووداو گوتی، جموجۆڵی داعش لە ناوچەی نێوان بادیە هەتاوەکو دێرەزور زیادی کردووە، هەروەها لەسەر رێگەی نێوان حەسەکە -شەدادی لە باشووری حەسەکە، هێرشیان کردووە.
زیادبوونی جموجووڵی داعش لە بادیەی سووریا بە گوتەی لەزگین ئیبراهیم بەم گۆڕانکارییانەی سووریاوە دەبەسترێنەوە، دەڵێت "لە دوای کەوتنی ئەسەد و کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی کە بە یارمەتیی فڕۆکەکانی رووسیا دەیکرد، ئیدی چاودێری و کۆنترۆڵی ئەمنی لەو ناوچەیە لاواز بووە و، داعش ئەمە وەکو دەرفەتێک بەکاردەهێنێت."
20ـی کانوونی دووەمی 2025 سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاند، گرووپی چەکداریی هۆزە عەرەبەکان شارۆچکەی زیبان، زر و تەیانەیان لە گوندەکانی رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە دەستی هەسەدە دەرهێناوە و، خستوویانەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.
لێکۆڵەر، لەزگین ئیبراهیم بۆ رووداو جەختی کردەوە لەوەی لە شارۆچکەی زیبان، داعش هێرش دەکاتە سەر ئاسایش و هێزەکانی ئەمنی لەسەر هێڵی فورات و دەیەوێت لەژێر ناوی هۆزەکان ئەم هێرشانەی خۆی شەرعی بکات، بەڵام شەوی رابردوو جارێکی دیکە شارۆچکەی زیبان لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵ کرایەوە و دوو کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دەستگیر کران.
سەبارەت بە دۆخی کەمپی هۆل لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکە، کە زیاتر لە 55 هەزار کەس لە ئەندامانی خێزانەکانی داعش تێیدا نیشتەجێ کراون، لێکۆڵەر لەزگین ئیبراهیم دەڵێت ئێستا ژمارەیەک لەو خێزانانە هەوڵدەدەن هەڵبێن، لەم مانگەدا 4 ژن ئەم هەوڵەیان داوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە دەستگیر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ