رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ بە رووداوی راگەیاند، 5.7 ملیۆن ئاوارە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەن و لە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدیشەوە نزیکەی 2.2 ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
گوتەبێژێکی رێکخراوەکە لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی رووداودا سەبارەت بە گەڕانەوەی 5.7 ملیۆن ئاوارەکە بۆ زێدی خۆیان گوتی، "دان بەوەدا دەنێین کە دۆخەکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا جیاوازە. هەرچەندە بە گشتی دۆخ لەبارە، بەڵام زۆر ئاستەنگ هەن، لەوانە دەستڕاگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی و پرسی پاراستنی منداڵ."
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، "دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، دابینکردنی بژێوی و بەدەستهێنانی داهات وەک پرسگەلێکی یەکلاییکەرەوە دەمێننەوە کە پێویستە چارەسەر بکرێن لەپێناو باشترکردنی دۆخی گەڕانەوەی ئاوارەکان."
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ هاوکاریکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ زێدی خۆیان، ئەو گوتەبێژە گوتی، "رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ پشتیوانی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، سەلامەت و شکۆمەندانە دەکات لەو شوێنانەی کە دۆخەکە هاوکارە و لە پێشکێشکردنی هاوکاریدا جیاکاری لەسەر بنەمای نەتەوە یان تایبەتمەندییە پارێزراوەکانی دیکە ناکات."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوکارییەکان لەسەر بنەمای پێداویستییە مرۆییەکان و مەترسییەکان، پێویستییە نیشتمانییەکان و سەرچاوە بەردەستەکان دابین دەکرێن. لە تەواوی دەستپێشخەری و بەشدارییەکانماندا هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکەین و بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگە خۆجێییەکان کاردەکەین."
خۆپێشاندانەکانی سووریا لە 15ی ئاداری 2011 دەستیان پێکرد، کاتێک شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەری دژی دەسەڵاتی ئەسەد لە چەندین شاری ئەو وڵاتە سەریهەڵدا. دوای دەستپێکی خۆپێشاندانەکان، شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتەدا دروست بوو.
کانوونی دووەمی 2024، گرووپە چەکدارەکانی ئەو کاتی سووریا دەسەڵاتی ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی نوێیان لەو وڵاتە دامەزراند.


