منداڵان لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان ژیانێکی سەختیان هەیە

18-03-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 37 هەزار منداڵ، کە نیوەیان خوار تەمەن 12 ساڵن و لانیکەم 18 هەزار دایک، کە سەر بە چەکدارانی داعشن، لە رەوشێكی نالەبار و فەرامۆشکراودا لەنێو کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بە ناچاری ژیان دەبەنە سەر.
 
لە ساڵی 2021ـەوە زیاتر لە 10 هەزار منداڵ بە چارەسەری دەروونی تێپەڕێندراون، 2000یان هێشتا لە ترامایەکی سەختدان.
 
دانیشتوویەکی کەمپی هۆل دەڵێت، "بە هەموو شتێک سەریان سوڕدەمێنێت، بەدبەخت و بێچارەن؛ هیچیان نییە و هیچیشیان نەبینیوە؛ جارێكیان تەلەڤیزیۆنیان بینی، گوتیان دایکە ئەمە چییە؟ تەلەفۆنێكی گەورەیە؟"
 
دانیشتووانی کەمپی هۆل خەڵکی 47 وڵاتی جیهانن؛ زۆربەیان سووری و عێراقین. لە ساڵی 2019وە کەمتر لە 1500 ژن و منداڵ لەلایەن وڵاتە بیانییەکانەوە وەرگیراونەتەوە. پرۆسەکە خاوە و رێکخراوی منداڵپارێز دەڵێت، ئەگەر بەو رەوتە بڕوات، 30 ساڵ پێویستە بۆ وەرگرتنەوەی هەموو دانیشتووانی کەمپەکە.
 
جینان حەنان، بەڕێوەبەری کەمپەکە باس لە دروستکردنی سێ بەشی نوێ لەنێو کەمپی هۆل دەکات، بەجۆرێك کە هەر خێوەتێک چێشتخانە و دەستشۆری تایبەت بە خۆی هەبێت.
 
دروستکردنی بەشی نوێ، ئاماژەیە لەسەر درێژیی وادەی مانەوەی کەمپەکە. زۆریی ژمارەی دانیشتووان و فرەڕەنگییان، ئاسایشی نێو کەمپەکەی کەمتر کردووە. ساڵی 2021 بە تووندوتیژترین ساڵی کەمپی هۆل تۆمار کرا، بە تێکڕا هەفتانە دوو کەس دەکوژران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە