رووداو دیجیتاڵ
سەرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا رایگەیاند، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێش ساڵی 2011 نزیکەی 150 هەزار کورد بووە. بەڵام ئێستا زیاتر لە 80 هەزار ئێزدی هەن و لە حەسەکە و عەفرین و حەلەب دەژین.
سەرحان عیسا لە کاتی بەشداریکردن لە نوورۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لە دەڤەری عەفرین 30 گوندی کوردانی ئێزدی و لە ناوچەی جزیرە 54 گوند هەن کە 14 گوندیان لە دەوروبەری سەرێ کانیێن.
سەبارەت بە گەڕانەوەی خێزانە کوردە ئێزدییەکان بۆ گوند و ناوچەکانیان، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا ئاشکرای دەکات کە تا سێ رۆژ لەمەوبەر 23 خێزانی ئێزدیی خەڵکی عەفرین گەڕاونەتەوە شوێن و ناوچەکانی خۆیان.
سەرحان عیسا داوا لە سەرۆک بارزانی دەکات مافی ئێزدییەکان لە سوریا بپارێزێت و داوای لە هەموو رێکخراو و کەسایەتی ئێزدی لە سووریا کرد بۆچوونەکانیان یەکبخەن و لە رێگەی رووداوەوە دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆکردنەوەی بۆچوونەکان راگەیاند.
سەرحان عیسا رەخنە لە بزووتنەوەی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان گرت: "دەبوو ئاگاداری دیالۆگی کوردی-کوردی بوونایە، تا ئێستا ئەنەکەسە پەیوەندی و راوێژی لەگەڵ ئێمە نەکردووە سەبارەت بە ناردنی شاندێک بۆ دیمەشق، بۆیە ئێستا هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵ هەندێک پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بچنە دیمەشق وەکو دروزەکان، بەشێک لە عەلەوییەکان و مەسیحییەکان".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیەکانی سووریا بۆ رووداو ئاشکرای دەکات، لەگەڵ دەستەی تەحریری شام کۆبوونەتەوە و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بازنەیەکی نزیک و کەسانی زۆر نزیک لە ئەبو محەممەد جۆلانی بە شێوەی ئۆنلاین و لە رێگەی نوێنەرەکەیانەوە لە دیمەشق پێکهێناوە.
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان هەتەشە و ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا، گوتەبێژی ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت: "چەند داواکارییەکمان پێشکەش بە هەتەشە کردووە و هەندێک بەڵێنمان پێگەیشتووە، دەستەی تەحریری شام بەڵێنی داوە کە ئێزدییەکان چیدیکە توندوتیژییان رووبەڕوو نابێتەوە و مافەکانیان پێشێل ناکرێت."
سەرحان عیسا دەڵێ، داوایان لە هەتەشە کردووە ئەوانیش بەشداری لە بنیاتنانی سوریادا بکەن و لە بەرامبەر دانپێدانی دەستووری بە مافەکانی ئێزدییەکان نەبێتە بەربەست. هەروەها هەتەشە رایگەیاندووە کە "ئێمە هاوکار دەبین و هەموو شتێک بەپێی خواستی ئێوە روودەدات. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان بەردەوامن و هێشتا کێشە زۆرن و لە داهاتوودا کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام دەدرێت."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدیەکانی سووریا دەڵێت: "جیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین گەرەنتییە بۆ هەموو پیکهاتەکانی سووریا و بەو پێیەی کە هەتەشە گەرەنتی لەو بارەوە نەداوە، ئەوان داوای دانپێدانی فەرمی دەکەن لە رێگەی دەستوورەوە بە ئێزدییەکان وەک ئایینێک و پیکهاتەیەکی سەرەکی لە سووریا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ