رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبوو زوهوور لە سووریا، ئییال زەمیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکانی باشووری سووریا کرد و هۆشداریی تووندی دایە دیمەشق و ئەو هێزانەی دەیانەوێت لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل جێگیر بن.
رۆژی چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، ئییال زەمیر لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای سوپا لە ناوچەکانی باشووری سووریا رایگەیاند: "ئێمە چاودێری گۆڕانکارییەکانی نێو سووریا دەکەین و بەپێی پێویست خۆمان ئامادە دەکەین. رێگە نادەین هیچ هێزێکی دووژمنکار لەسەر سنوورەکانمان پێگەی خۆی جێگیر بکات."
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، سوپاکەیان دەزانێت چۆن و لە چ کاتێکدا هێز بەکاربهێنێت بۆ رێگری لە دروستبوونی هەر هەڕەشەیەکی سەربازی یان "تیرۆریستی" لەسەر سنوورەکانیان.
ئەم لێدوانانەی سوپا دوای ئەوە دێت کە نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل حکومەتی نوێی سووریای بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع تۆمەتبار کرد بەوەی خەریکی پێشێلکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە ئەمنییەیە، کە لەنێوانیاندا هەبووە.
بەگوێرەی ئیسرائیل، سووریا رێگەی داوە هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک حەلەب جێگیر بن، ئەمەش وەک "هەڕەشەیەکی راستەوخۆ" بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دەبینن.
بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکانی سووریا، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەشت مووشەکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبوو زوهوور کردووە لە پارێزگای ئیدلب.
هێرشەکە رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکەی پێکاوە کە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، شاندێکی سەربازیی تورکیا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە سەردانیان کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا هێرشەکەی بە "دەستدرێژییەکی بێ پاساو" وەسف کرد و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سنوورێک بۆ "پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل" دابنێن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە رێگەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی خۆیەوە چاودێری دۆخەکە دەکات، رایگەیاند: "ئەمە زیادکردنێکی ناپێویستی گرژییەکانە و خزمەت بە سەقامگیری ناکات."
واشنتن پێیوایە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع هەڵوێستی شەڕەنگێزانەی نەبووە و باشترە پەنا بۆ ڕێگەچارەی دیپلۆماسی ببرێت.
لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی گۆلانەوە زیاتر چوونەتە ناو قووڵایی خاکی سووریا. بەرپرسانی ئیسرائیل بە راشکاوی دەڵێن دەیانەوێت "ناوچەیەکی ئەمنی داماڵدراو لە چەک" دروست بکەن و تاوەکو ئەوە جێگیر نەبێت، لەو ناوچانە ناکشێنەوە کە لە دوای 2024ەوە کۆنتڕۆڵیان کردوون.



