رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەیەک لە گوندەواری دیمەشق، بۆمبێکی چێندراو بە پاسێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریادا تەقییەوە و بەو هۆیەوە چەندین کارمەندی ئەمنی بریندار بوون، تاوەکو ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە.
رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، میدیاکانی سووریا بڵاویانکردەوە، بۆمبێکی چێندراو لەکاتی تێپەڕبوونی پاسێکی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەر رێگەی (مەعروونە - تەل) لە گوندەواری دیمەشق تەقیوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی "چەندین کارمەند"، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئاستی برینەکانیان و دۆخی تەندروستییان ئاشکرانەکرد.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە مینەکەیان چاندووە.
ئەم تەقینەوەیە لەکاتێکدایە کە ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت ناوەناوە رووبەڕووی کردەوەی لەم شێوەیە دەبنەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا روون نییە چ گرووپێک لەپشت هێرشەکەی ئەمڕۆیە.


