ئوسترالیا تووندوتیژییەکانی سووریا سەرکۆنە دەکات و داوای پاراستنی پێکهاتەکان دەکات

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئوسترالیا تووندوتیژییەکانی ئەم دواییەی ناوچە کەنارییەکانی رۆژئاوای سووریا سەرکۆنە دەکات و داوای پاراستنی پێکهاتەکانی وڵاتەکە دەکات. 
 
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوزیرانی ئوسترالیا و پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا تووندوتیژییەکان بە "تۆقێنەر" وەسف دەکەن و دەڵێن: "زۆر نیگەرانین لە بارەی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەڵێن ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل لە پێکهاتەی عەلەوی بێ دادگاییکردن کوژراون. ئێمە لە نەهامەتیی خەڵکەکە تێدەگەین. لەم کاتەدا دڵمان لای ئەوانە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئوسترالیا کوشتنی خەڵکی سڤیل سەرکۆنە دەکات. پێویستە هەموو کەمینەکان بپارێزرێن، لە نێویاندا عەلەوییەکان، کرستیانەکان، دروز و کورد."
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لانیکەم 1380 کەسی سڤیل کە زۆربەیان عەلەوی بوون، لە تووندوتیژییەکانی هەفتەی رابردوو لە ناوچە کەنارییەکانی رۆژئاوای سووریا کوژراون.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، خەڵکی سڤیل "لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و گرووپە هاوپەیمانەکانیانەوە" کوژراون.
 
سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا دەڵێن، داوایان "لە هەموو لایەنەکان کردووە خەڵکی سڤیل بپارێزن ، دان بە خۆیاندا بگرن و گرنگی بە گفتوگۆ بدەن."
 
دەشڵێن: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی گوفتار و کرداری حکومەتی کاتیی سووریا دەکەین، لە نێویاندا بەڵێنی ئەوان بۆ لێپرسینەوە لەوانەی دەستیان لەم خوێنڕێژییەدا هەبووە."
 
ئوسترالیا داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکات، پڕۆسەی سیاسیی راگوزەر لە لایەن خەڵکی وڵاتەکەوە خاوەندارێتی بکرێت و "رێزی تەواو لە مافەکانی هەموو کەمینەکان بگرێت و حکومەتێکی ناتائیفی و نوێنەرایەتیکار" پێکبێنێت. 
 
لەو کاتەوەی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەم لە دەسەڵات نەماوە، زۆربەی عەلەوییەکان دەترسن لە لایەن پێکهاتەکانی دیکە تۆڵەی ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەیان لێ بکرێتەوە کە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەسەددا تووشی ببوون.
 
شەڕ و پێکدادانە دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە ژمارەیەک چەکداری لایەنگری ئەسەد، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریایان خسە بۆسەیەکەوە و چەند ئەندامێکیان کوشتن.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، کە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دەکات، بەڵێنی داوە ئەو کەسانە دادگایی بکات کە لە پشت "خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلەوەن" و لیژنەیەکی راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات.
 
هەتەشە لقێکی پێشووی رێکخراوی قاعیدە بوو لە سووریا، هێشتا لەلایەن چەندین وڵاتەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە، لە نێویاندا ئەمریکا.
 
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە