رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتی بەرگریی سووریا مووچە و خزمەتگوزاری دەداتە کەسوکاری شەهید و بریندارانی هەسەدە. هەروەها هێشتا 8 هەزار شەڕڤان ماون کە تێکەڵ نەکراون.
بەرپرسەکە وردەکارییەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و دیمەشقی ئاشکرا کردن، کە تایبەت بوو بە تێکەڵکردنی شەڕڤانان بە وەزارەتی بەرگریی سووریا.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، هاوئاهەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی هەسەدە و وەزارەتی بەرگریدا کراوە و وەزارەتەکە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک مووچە و هاوکارییەکانی دیکە پێشکێش بە کەسوکاری شەهید و بریندارانی هەسەدە دەکات. روونیشی کردەوە کە ئەمە هەموو ئەو شەڕڤانانە دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2011ـەوە لە ماوەی شەڕی نێوخۆی سووریادا شەهید بوون یان بریندار بوون.
بە گوتەی بەرپرسەکە، هێشتا 8 هەزار شەڕڤان ماون، کە تێکەڵ بە هیچ دامەزراوەیەکی حکومەتی راگوزەری سووریا نەکراون.
بەرپرسەکە هەروەها باسی لەوە کرد، لە چوارچێوەی پێکهێنانی فیرقەی 60ی سوپای سووریادا، 3 لیوای هەسەدە لەو بنکانەی لەسەریان رێککەوتن کرابوو لە حەسەکە، قامشلۆ و دێرک جێگیر بوون.
دەشڵێت، ئەندامانی لیواکان قۆناخ بە قۆناخ لە ئەکادیمیایەکی سەربازی لە گوندەواری دیمەشق مەشقیان پێدەکرێت، لە هەمان کاتیشدا فەرماندەی لیوا و یەکینەکان لە کۆلێژی جەنگی لە حومس مەشقیان پێدەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە پرۆسەی چۆڵکردنی بنکەکانی هەسەدە و رادەستکردنیان بە بەڕێوەبەرایەتیی سڤیلی پارێزگاکە بەردەوامە. هۆکاری تەواونەبوونی پرۆسەی تێکەڵکردنەکەش ئەوەیە کە "ژمارەی شەڕڤانانی هەسەدە بەراورد بەو ژمارەیەی کە بڕیاربوو لەنێو لیواکاندا جێگیر ببن، زۆر زیاترە، بۆیە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بۆ جێگیرکردنی سەرجەم شەڕڤانان بەردەوامن."
سەبارەت بە ژمارەی شەڕڤانانیش، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی هەسەدە، کە دوای رووداوەکانی ئەم دواییە ماونەتەوە، 20 هەزار شەڕڤانن و بەم شێوەیە دابەش کراون:
- 4 هەزار شەڕڤان چوونەتە نێو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوە ئەمنییەکانەوە.
- 5 هەزار شەڕڤان چوونەتە نێو ئەو سێ لیوایەی کە تازە پێکهێندراون.
- نزیکەی هەزار گەنجی عەفرینی لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە شارەکەی خۆیان.
- دوو هەزار گەنجی دیکەی عەفرینی چاوەڕێن بە شێوەیەکی هاوئاهەنگکراو بگەڕێنەوە و لەوێ ببنە بەشێک لە فیرقەیەکی سەربازی.
سەرچاوەکە گوتی، هێشتا 8 هەزار شەڕڤانی هەسەدە ماون، کە تێکەڵ بە هیچ دامەزراوەیەکی سەربازی یان ئەمنی نەکراون و گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیش بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و جێگیرکردنیان بەردەوامن.




