سووریا

بەشار جەعفەری، باڵیۆزی پێشووی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، 2-8-2019 لە دانیشتنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
رۆژانێک بە بەرگریکارە سەرسەختەکەی بەشار ئەسەد دادەنرا و دژی لێدوان و گوتارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەوەستایەوە؛ ئێستا لە رووسیا داوای پەنابەری کردووە.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی رووسیا؛ بەشار جەعفەری، تەمەن 69 ساڵ، باڵیۆزی پێشووی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی، داوای مافی پەنابەری لە رووسیا کردووە.
جەعفەری لە دایکبووی دیمەشق بە رەچەڵەک عەلەوی، کە هەمان تایفەی ئەسەدە، لە تەمووزی 2006 تاوەکو تشرینی دووەمی 2020، باڵیۆزی سووریا بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان؛ دواتر لە تشرینی دووەمی 2020 تاوەکو تشرینی یەکەمی 2022 کرایە وەزیری دەرەوەی سووریا؛ لەو مانگ و ساڵەدا بە باڵیۆزی سووریا لە مۆسکۆ جێگیرکرا.
لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی پار، جەعفەری لە پۆستەکەی وەک باڵیۆزی سووریا لە رووسیا مایەوە و درێژەی بەکارەکانی دا.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەناخوازییەکەی لە رووسیا، جەعفەری هەواڵەکەی رەتکردەوە. هەرچەندە هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن گوایە پەناخوازییەکەی لە دوای داوایەکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا هاتووە بۆ گەڕانەوەی بۆ دیمەشق.
هەفتەی رابردوو، بە مەبەستی رێکخستنی کاروباری باڵیۆزخانەکان؛ وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە هەردوو باڵیۆزی وڵات لە رووسیا و سعودیە کرد بگەڕێنەوە سووریا.
بەشار جەعفەری هاوژینەکەی ئێرانییە و خاوەن سێ منداڵە؛ لە 2022وەوە نیشتەجێی مۆسکۆیە.
جەعفەری جگە لە زمانی عەرەبی، زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی و فارسیش دەزانێت.
دوای رووخانی دەسەڵاتەکەی، ئەسەد و هاوژین و منداڵەکانی لەلایەن پووتینەوە مافی پەنابەرییان لە رووسیا پێدرا و دەگوترێت دانیشتووی ناوچەیەکی دەوروبەری مۆسکۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ