رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ شەممە گەیشتە سووریا. ئەمە یەکەمین سەردانی بەرپرسی یەکەمی ئەو رێکخراوە جیهانییەیە بۆ دیمەشق لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق پێشوازی لە گۆتێرێز و شاندی یاوەری کرد.
بڕیارە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم سەردانە سێ رۆژییەیدا پاڵپشتیی رێکخراوەکەی بۆ پڕۆسەی سیاسی لە سووریا دووپات بکاتەوە.
وەرچەرخان لە سووریا
ئەم سەردانە وەک وەرچەرخانێک بۆ سووریا دەبیندرێ، بەتایبەتی دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان لە کۆتایی ساڵی 2024دا بەشار ئەسەد، سەرۆکی ئەو کاتی ئەو وڵاتەیان لە دەسەڵات لادا و کۆتاییان بەو جەنگە هێنا کە لە ساڵی 2011وە دەستیپێکردبوو. ئێستا سووریا لە قۆناخێکی راگوزەردایە.
ئەو کاتەی دەسەڵاتەکەی ئەسەد رووخا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز کۆتاییهاتنی "دیکتاتۆرییەتی ئەسەد"ـی وەک نیشانەیەکی هیوا بۆ تەواوی ناوچەکە ناوبرد.
دیداری گۆتێرێز و ئەحمەد شەرع
بڕیارە گۆتێرێز لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆببێتەوە. شەرع پێشتر سەرکردەی لقی قاعیدە بوو لە سووریا و تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی 2025یش لە لیستی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو بەهۆی تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆر.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، گۆتێرێز لە دیمەشق جەخت لەوە دەکاتەوە سووریا ئێستا دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەمدایە بۆ داڕشتنی بناخەیەک بۆ دواڕۆژێکی سەقامگیرتر، گشتگیرتر و پڕ لە خۆشگوزەرانی بۆ هەموو سووریاییەکان.
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێ سکرتێری گشتی بۆ چەند رۆژێک لە سووریا بمێنێتەوە، بەڵام خشتەی تەواوی سەردانەکەی بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بڵاونەکراوەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
