رووداو دیجتاڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکـرەتێری گشـتیی نەتەوە یەکگـرتووەکان رۆژی شەممە سەردانی سووریای کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پاڵپشتیی ئەو وڵاتە بکەن، کە دوای ساڵانێک لە شەڕی نێوخۆیی و رووخانی بەشار ئەسەد، ئێستا بە قۆناخێکی راگـوزەردا تێدەپەڕێت.
گۆتێرێز یەکەمین سکـرەتێری گشـتیی نەتەوە یەکگـرتووەکانە کە لە ساڵی 2009ـەوە، واتە دوای سەردانەکەی بان کی موونەوە، سەردانی سووریای کردبێت. بان کی موون، سکـرەتێری ئەوکات، دوو ساڵ پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی سووریا، سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.
شەڕەکە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، پێش ئەوەی گرووپە چەکـدارەکانی دژبەری ئەسەد بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام لە کۆتایی ساڵی 2024 دەسەڵات بگـرنە دەست.
گۆتێرێز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "تازە گەیشتمە دیمەشق بۆ سەردانێکی هاوسۆزی. پەیامەکەم روونە: نەتەوە یەکگـرتووەکان لەم ساتە مێژووییەدا لەگەڵ سووریا دەوەستێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەم کە هیچ هەوڵێک بە فیرۆ نەدەن لە پاڵپشتیکردنی گەلی سووریا."
بەپێی میدیا فەرمییەکانی سووریا، گۆتێرێز دوای ئەوەی سەردانی شاری دیمەشقی کۆنی کردووە، کە لە وێنەکاندا وا دەردەکەوێت لە مزگەوتی بەناوبانگی ئەمەوییەکان بێت، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری قۆناخی راگـوزەری سووریا کۆبووەتەوە. پێشتریش لە فڕۆکەخانە، لەلایەن ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاوە پێشوازیی لێکرابوو.
داواکارییە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی نوێ
لەوەتەی ئەحمەد شەرع دەسەڵاتی گـرتووەتە دەست، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە دەسەڵاتدارە نوێیەکان دەکات دامەزراوەی بەهێز و کاریگەر دروست بکەن و سیستەمێکی بەڕێوەبردنی وڵات دابمەزرێنن کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کۆمەڵگەی سووریا بکات.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی گۆتێرێز پێش سەردانەکە رایگەیاند، سکـرەتێری گشـتی "جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرفەتی ئێستا تەنیا بۆ چاکبوونەوە نییە لە شەڕ، بەڵکو بۆ دانانی بناخەیەکە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر، گشتگـیرتر و خۆشگـوزەرانتر بۆ هەموو سوورییەکان." هەروەها دووپاتیکردەوە کە رۆڵی نەتەوە یەکگـرتووەکان، هاوڕێیەتی و پاڵپشتیکردنی گەلی سووریایە لەم گەشتەیاندا.
کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخراوەکان و سەردانی گۆلان
بڕیارە گۆتێرێز لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵگەی سڤیل و رێکخراوە ناحکومییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پاڵپشتیی مافی ژنان دەکەن، کۆببێتەوە. هەروەها سەردانی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگـرتووەکان دەکات کە لە ساڵی 1974ـەوە لە بەرزاییەکانی گۆلانی سووریا کە لەلایەن ئیسرائیلـەوە داگیرکراوە، جێگـیرکراون.
دوای رووخانی ئەسەد، ئیسرائیل هێزەکانی ناردە نێو ئەو ناوچە دابڕێنەرەی کە نەتەوە یەکگـرتووەکان چاودێری دەکرد و چەندین هێرش و پێشڕەویی بۆ نێو قووڵایی خاکی سووریا کردووە. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، دەیانەوێت هێزەکانیان لە "ناوچەیەکی ئەمنی"ـدا لە باشووری سووریا بهێڵنەوە و داوای ناوچەیەکی فراوانتری داماڵراو لە چەک دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای گـرژییەکان، ئیسرائیل و دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا چەندین گەڕی دانوستاندنـیان هەبووە و رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگـری، هەرچەندە ئەمە نەبووەتە هۆی راگـرتنی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
کێشەی ئاوارە و پەنابەران
شەڕی سووریا ژێرخانی وڵاتەکەی وێران کرد و ملیۆنان کەسی دەربەدەر کرد. بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگـرتووەکان، لەدوای رووخانی ئەسەدەوە، نزیکەی 1.9 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و 1.7 ملیۆن پەنابەر لە دەرەوە گەڕاونەتەوە. بەڵام هێشتا نزیکەی 5.5 ملیۆن کەس لە ناوخۆدا ئاوارەن و 6 ملیۆن کەسی دیکەش لە دەرەوەی وڵاتن.
ئێستا، زۆربەی سوورییەکان لە هەژاریدا دەژین و مەزەندە دەکرێت 15.6 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەبێت.
لەدوای رووخانی ئەسەدەوە، چەندین بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگـرتووەکان سەردانی سووریایان کردووە و ساڵی رابردووش ئەحمەد شەرع بووە یەکەمین سەرۆکی سووریا دوای زیاتر لە نیو سەدە گوتار لە کۆمەڵەی گشـتیی نەتەوە یەکگـرتووەکان پێشکێش بکات.



.jpg&w=3840&q=75)