سێ وەزیری سووریا سەردانی ئەمریکا دەکەن

15-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو سێ وەزیری سووریا و پارێزگاری بانکی ناوەندیی وڵاتەکە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی، سەردانی واشنتنی ئەمریکا بکەن. 
 
رۆژی دووشەممە، 14-04-2025، سەرچاوەیەکی ناونەهێنراو بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەوانەی بەشداریی سەردانەکەی واشنتن دەکەن بریتین لە: ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا؛ محەممەد بەرنییە، وەزیری دارایی و عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکیی ناوەندیی سووریا.
 
بڕیارە کۆبوونەوەکان لە 21 بۆ 26ـی نیسانی ئەم ساڵ لە واشنتن بەڕێوەبچن.
 
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: "بەرپرسەکان داوا دەکەن پشتیوانی لە دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتە وێرانکراوەکە بکرێت."
 
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا پشتڕاستی کردەوە و گوتی: "جگە لەوان محەممەد شەعر، وەزیری ئابووریی سووریاش سەردانی ئەمریکا دەکات."
 
دەستەی تەحریری شام لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو هێرشیان کردە سەر دیمەشق و دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند، ئەمەش دوای 14 ساڵ شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە و کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس، جگە لە ئاوارەبوونی ملیۆنان و خاپووربوونی ژێرخانی وڵاتەکە.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چاکبکەنەوە، بۆ ئەوەی پشتگیریی لە دووبارە هەستانەوەی وڵاتەکە بکرێت و ئەو سزایانەی لە سەردەمی ئەسەد سەپێنراون، کەمبکرێنەوە یان لاببرێن.
 
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، بانکی جیهانی کارەکانی لە سووریا راگرت. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، "لە نێوان 2011 بۆ 2024 سووریا لە کۆی بەرهەمی ناوخۆدا نزیکەی 800 ملیار دۆلاری زیان بەرکەوتووە، هەروەها 90٪ـی خەڵکەکەشی نەیانتوانیوە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بکڕن."
 
رۆژی دووشەممە، بەرنییە پێشوازیی لە شاندێکی تەکنیکیی بانکی جیهانی کرد و باسیان لە نوێکردنەوە و گەشەپێدانی بانکەکانی سووریا کرد. 
 
میدیای فەرمیی سووریا لەسەر زاری بەرنییە بڵاوی کردەوە: "سووریا دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ بانکی جیهانی بەهێز بکات. سزاکانی رۆژئاوا کاریگەریی نەرێنیی زۆریان لەسەر کەرتی دارایی وڵاتەکە هەبووە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بەریتانیا و سووریا.

بەریتانیا سزاکانی سەر وەزارەتی نێوخۆ و بەرگریی سووریا هەڵدەگرێت

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سزا لەسەر 12 دامەزراوەی حکومیی سووریا هەڵدەگرێت؛ لەوانەش وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، چەند دامەزراوەیەکی دارایی، میدیایی و وزە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "ئەمە بۆ بووژانەوە، چاکسازی و بنیاتنانەوە گرنگە."