ئێزدییەکانی سووریا و رۆژئاڤا: دەستووری کاتی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئاینییەکانە

دوێنێ کاژێر 11:59
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرانی رێخکراو، کۆمەڵە و دامەزاراوەکانی کوردی ئێزدی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ناڕەزایی بەرامبەر بە دەستووری کاتیی سووریا دەردەبڕن و دەڵێن، بەندەکانی پێشێلکردنێکی ئاشکرای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانە لە سووریا.
 
ئەمڕۆ شەممە، 12 ئەنجوومەن، رێخکراو، کۆمەڵە و دامەزاراوەی کوردی ئێزدی کە لە ناوە و دەرەوەی سووریا کاران، راگەیێندراوێکیان لەبارەی دەستووری کاتیی سووریا بڵاوکردەوە.
 
13ـی ئادارى 2025 کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد. 
 
راگەیێندراوى دەستوورى بۆ ماوەى 5 ساڵە وەک قۆناخى راگوزەر دەبێت، تاوەکو هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەکرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە ، "ناڕەزایی تووندی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە ناوەRۆکی دەستووری کاتی، کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی کاتی، بەڕێز ئەحمەد شەرع واژۆ کراوە."
 
ئەنجوومەن، رێکخراو و دامەزراوەکانی کوردی ئێزدی لە سووریا دەشڵێن، "جەخت دەکەینەوە کە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی سووریان بەپێی پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکان(ICCPR)، جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و رێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری رەگەزی."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئایینی ئێزیدی سێیەم ئایینە لە کۆماری سووریا دوای ئیسلام و مەسیحی، ئایینێکی سەربەخۆیە و بانگخوازی نییە، رەگ و ریشەی مێژوویی قووڵی هەیە کە بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی سووریا لە کاتی سەربەخۆییەوە شکستیان هێناوە لە پابەندبوون بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، ئەوان دانیان نەناوە بە بوونی یاسایی ئێزیدییەکان وەک کەمینەیەکی ئایینیی سەربەخۆ و هیچ یاسایەک یان مادەیەکی دەستوورییان دانەناوە کە مافە ئایینی و کولتووری و سیاسییەکانیان دەستەبەر بکات.
 
ئەو 12 رێکخراو کۆمەڵەیە دەشڵێن: "سەرەڕای ئەو شکستە کەڵەکەبووانە، دەستووری کاتیی دوایین هیوای ئێزیدییەکانی سووریای نەهێشت، چونکە پشتگوێخستنی ئاواتەکانی سوورییەکانە کە لە ساڵی 2011 دەرکەوتن و داوای ئازادی و دادپەروەری و یەکسانیان دەکرد."
 
رۆژی 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
 
رێککەوتنە هەشت خاڵ بوو و بەهۆیەوە هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا.
 
ئەو دامەزاراوە و رێکخراوانەی کوردی ئێزدی دەڵێن: "پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەیە کە لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی کراوە، کە تێیدا دەوڵەتی سووریا- حکومەتی کاتی بەڵێنی دابوو مافەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکاندا دەستەبەر بکات، کە لە جاڕنامەی ئێستادا نەهاتووەتە دی."
 
سەبارەت بە بەندەکان کە تەنیا خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتی دەدەن بە موسڵمانانی سووریا دەڵێن: "ئەم مافە لە هاووڵاتییانی ناموسڵمان بێبەش دەکەن لەوانە ئێزیدییەکان، ئەم هەڵوێستە بە روونی لەگەڵ بەندی دەیەم ناکۆکە کە جەخت لەسەر یەکسانیی نێوان هاووڵاتییان لەبەردەم یاسادا لە ماف و ئەرکەکاندا دەکاتەوە."
 
"ئەو بەندەی کە دەڵێت فیقهی ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکی یاسادانانە، بەردەوامبوونی لۆژیکی دابەشکردنی تایفی نیشان دەدات، لەگەڵ چەمکی هاووڵاتیبوون ناکۆکە؛ چونکە دەبێتە هۆی پۆلێنکردنی سووریاییەکان بۆ گرووپی جیاواز لە نێوان پلەی یەکەم و دووەم."
 
ئەوان رەخنەی زیاتر لە دەستوورە کاتییەکە دەگرن و دەڵێن: بەدەر لەوەش، مادەی سێیەمی جاڕنامەی دەستووری دەڵێت: "ئازادی بیروباوەڕ پارێزراوە و دەوڵەت رێز لە هەموو ئایینە ئاسمانییەکان دەگرێت". سەرنجڕاکێشە کە ئەم دەقە تەنیا باس لە "ئایینە ئاسمانییەکان" دەکات، بوونی مێژوویی ئێزیدییەکان پشتگوێ دەخات کە ئایینەکەیان بە ئایینێکی ئاسمانی دانانرێت، کەواتە جاڕنامەکە تایبەتمەندی ئایینی ئەم توێژەی کۆمەڵگەی سووریای رەچاو نەکردووە.
 
ئەوان هەروەها دەڵێن، "سەرنجی کاربەدەستانی حکومەتی کاتی لە دیمەشق رادەکێشین بۆ فەرامۆشکردن و سوود وەرنەگرتنیان لە دەرەنجامەکانی کۆنگرەی ئێزدیانی سووریا کە لە 17ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەسترا، کە بووە هۆی دەرکەوتنی دیدێکی هاوبەش کە بیست داواکاری دەستووری و یاسایی لەخۆ گرتبوو."
 
بۆیە، ئێمە پێمان وایە "پێویستە حکومەتی کاتی لە دیمەشق دەستپێشخەری بکات بۆ کشانەوەی دەستووری کارتی و بانگەشە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بکات کە نوێنەرایەتی جۆراوجۆری پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سووریا بکات، بە ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی ئەم جاڕنامەیە بە شێوەیەک کە مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بە یەکسانی دەستەبەر بکات، بۆ بەدیهێنانی بنەماکانی ئازادی و دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی گشتگیر."
 
واژۆکاران:
 
1. یەکێتیی ئێزدییانی سووریا
2. دامەزراوەی ئێزدینا
3. یەکێتیی ژنانی ئێزدی لە رۆژئاڤا
4. یەکێتیی لاوانی ئێزدییانی سووریا
5. کۆمەڵەی ئێزدییانی سووریا - هەڤبەندی
6. ئەنجوومەنی ئێزدییانی سەرێکانیێ
7. ماڵی ئێزدی لە هەرێمی جەزیرە و لقەکانی لە حەسەکە، عامودا، تربەسپی و سەرێکانیێ
8. یەکێتیی ئێزدیانی عەفرین و لقەکانی لە عەفرین، حەلەب و ناوچەی شەهبا
9. کۆمەڵەی کانیا سپی
10. ئەنجوومەنی باڵای ئێزدی
11. ماڵی ئێزدی لە حەلەب
12. ماڵی ئێزدی لە زێغین

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە