رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا فرۆکەخانەی حەلەب دەکاتەوە و گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە.
رۆژی شەممە، 15ی ئاداری 2025، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی لە رۆژی سێشەممە، 18ی ئادار راگەیاند.
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، "فڕۆکەخانەکە ئامادەیە بۆ پێشوازی لە گەشتەکان، دوای ئەوەی هەموو ئامادەکارییە ئیداری و تەکنیکییەکان تەواو بوون".
بە گوێرەی بەرپرسانی سووریا، فڕۆکەخانەکە دەتوانێت پێشوازی لە گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بکات و پێشوازیش لە هەموو هێڵە ئاسمانییەکان دەکەن دەست بە گەشتەکانیان بۆ ئەو فڕۆکەخانەیە بکەنەوە.
مستەفا کاج، بەرپرسی راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا رایگەیاند، فڕۆکەخانەکە لەکاتی شەڕی "رزگارکردنیدا" داخرابوو.
دەشڵێت، چەند بەشێکی فڕۆکەخانەکە بەهۆی شەڕەکەوە تێکچووبوون و نۆژەنکردنەوەی کاتێکی زۆری پێویست بوو، چونکە زیانێکی زۆر بەر تاوەری پەیوەندییەکان، رووناکی رێڕەوی فڕین و ئامێرە ئەمنییەکان کەوتبوو.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گەشتی نێوخۆیی چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیش دەست بە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە، ئەمە بەبێ ناوهێنانی ئەو کۆمپانیایانە.
کانوونی یەکەمی رابردوو، گەشتە نێودەوڵەتییە ئاسمانییەکان بۆ سووریا وەستان. کانوونی دووەمی ئەمساڵیش، گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق دەستیان پێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ