رووداو دیجیتاڵ
کەرتی وزەی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە کە ساڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی بوو لە سووریا، زیانی گەورەی بەرکەوتووە. ئێستا حکومەت دەڵێت، کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانی بوارەکە دەکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەن و کەرتەکە ببووژێننەوە.
پێشەنگەی وزەی سووریا کە 7ـی ئەم مانگە کرایەوە، تاوەکو 10ـی مانگ بەردەوام دەبێت و 55 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تێیدا بەشدارن.
موهەننەد جەعفەر، خاوەنی کۆمپانیایەکی نەوت کە بەشداری لە پێشانگەکەدا کردووە، دەڵێ "بە بەشداریکردنمان لێرە، دەمانەوێت ئەوە دووپات بکەینەوە کە ئێمە هاوبەشی ئەم وڵاتە و وەزارەتی نەوتین لە بونیاتنانەوەی وڵاتدا، هەروەها بە بەشداریکردنمان لەم ئیڤێنتە دەتوانین ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پسپۆڕی لەگەڵ سەرجەم بەشداربووانی دیکەدا بکەین، تاوەکو بزانین تاچەند دەتوانین سوود لە یەکدی دەبینین و هاوئاهەنگی دەکەین لە بوونیاتنانەوەی ژێرخانی نەوت و کەرتی وزە بەگشتی".
پێش جەنگی نێوخۆی سووریا، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتە 387 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، لەو بڕەش، رۆژانە 140 هەزاری هەناردە دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی نەوتی رۆژانەی نەوتی سووریای ژێر دەسەڵاتی دیمەشق تەنیا 15 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە کە بەشی دابینکردنی پێداویستی نێوخۆش ناکات.
هەرچی بەرهەمی رۆژانەی گازە، لە ساڵی 2010ـەوە سووریا 30 ملیۆن مەترسێجای بەرهەم هێناوە، بەڵام لە ساڵی 2023ـدا بەرهەمی رۆژانەی گازی سووریای ژێر دەسەڵاتی دیمەشق، تەنیا 10 ملیۆن مەترسێجایە.
زۆربەی کێڵگە سەرەکییەکانی نەوت و گازی سووریا، لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دان کە بریتین لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە پارێزگای دێرەزوور کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی سووریایە. کێڵگەی نەوتی رەسافە لە پارێزگای رەققە؛ کێڵگەی نەوتی شەدادی لە پارێزگای حەسەکە؛ هەروەها هەردوو کیڵگەی نەوتی سوێدییە و رمێلان لە حەسەکە.
ئەمین ئەلدەغری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازی سووریا باسی ئەوە دەکات "بەشداربوونی هاوبەش و دۆستە عەرەبەکانمان لەم پێشەنگەیە، هەنگاوێکی ئەرێنییە، دەبێ ئێمە کراوە بین بەرامبەر سەرجەم دۆست و وڵاتانی دراوسێ، بەمەبەستی پاراستن و پێشخستنی ژێرخانی ئەو کەرتە لەرێگەی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکان".
بە گوتەی وەزیری نەوتی سووریا، بەهۆی سزاکانی چەند ساڵی رابردووی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ سەر کەرتی نەوت و گازی سووریا، نزیکەی 100 ملیار دۆلار زیان بە کەرت و ژێرخانی وزەی سووریا کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ