پەنابەرێکی سووریایی وەک سەرۆکی شارەوانیی ناوچەیەکی ئەڵمانیا دەستبەکاربوو

08-07-2023
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
نیشانەکردن پەنابەری سووریایی ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەنابەرێکی سووریایی، کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بە سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی ئۆستێسهایم هەڵبژێردرا، سوێندی دەستووری خوارد و دەستبەکاربوو.
 
رەیان شیبل، لە ساڵی 2015 سووریای جێهێشت و گەیشتە ئەڵمانیا، دوای هەشت ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا و وەرگرتنی مافی پەنابەری، توانی ببێتە سەرۆکی شارەوانیی ئۆستێسهایم، کە 30 کیلۆمەتر لە شاری شتوتگارتەوە دوورە.
 
شیبل، دوای ئەوەی لە مانگی نیساندا وەکو سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرا، رۆژی هەینی 07-07-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیدا سوێندی یاسایی خوارد. 
 
ئەو پەنابەرە سووریاییە لە سنووری شارەوانییەک خۆی هەڵبژاردبوو، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 2500 کەسە، توانی 55.2٪ـی دەنگی دەنگدەرانی شارۆچکەکە بەدەستبهێنێت.
 
رەیان شیبل دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە، لە فەیسبووکەکەی نووسی "ئۆستێسهایم مێژووی دروستکرد. بەدەستهێنانی ئەو پۆستە شەڕەفێکی مەزنە و بەرپرسیاریێتیێکی گەورەیە"، سوپاسی دانیشتووانی شارۆچکەکەشی کرد، کە متمانەیان پێکردووە و دەنگیان پێداوە.
 
رەیان لە تەمەنی 21 ساڵیدا، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی لە ساڵی 2015 لە رێگای دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتە ئەڵمانیا، ئەوەش لە کاتێکدا بوو، کە ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەوکاتی ئەڵمانیا، دەرگای وڵاتەکەی بە رووی کۆچبەراندا کردەوە.
 
دوای فێربوونی زمانی ئەڵمانی، رەیان لە نزیک شاری ئۆستێسهایم دەستی بە کارکردن کرد. رەیان دەڵێت: "داوام لە سەرۆکی شارەوانی کرد بۆ ئەوەی بتوانم لەگەڵیاندا کار بکەم". 
 
رەیان لە سووریا بڕوانامەی زانکۆی لە بواری بانک و داراییدا بەدەستهێنابوو. 
 
ئەو پەنابەرە سووریاییە دوای وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانیا، لەگەڵ ئەنجوومەنی نێوخۆیی ئۆستێسهایم دەستی بەکارکردن کرد و، دواتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی شارەکە بەربژێر کرد و توانی متمانەی زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی شارەکە بەدەستبهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای بەریتانیا و سووریا.

بەریتانیا سزاکانی سەر وەزارەتی نێوخۆ و بەرگریی سووریا هەڵدەگرێت

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سزا لەسەر 12 دامەزراوەی حکومیی سووریا هەڵدەگرێت؛ لەوانەش وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، چەند دامەزراوەیەکی دارایی، میدیایی و وزە. وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "ئەمە بۆ بووژانەوە، چاکسازی و بنیاتنانەوە گرنگە."