رووداو دیجیتاڵ
تادێت شەڕ و پێکدادانی نزیک بەنداوی تشرین و دەوروبەری شاری منبج، کاریگەریی لەسەر خەڵکەکە زیاتر دەبێت. بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە قەیرانی کارەبا، ئاو و سووتەمەنی دروستبووە.
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "هاوبەشە تەندروستییەکانمان زەنگی مەترسییان لێداوە لەبارەی قەیرانی سووتەمەنی، کارەبا و ئاو لە حەلەب، نەخۆشخانەی نیشتمانیی منبج، کە خزمەت بە نزیکەی 100 هەزار کەس دەکات، بۆ چەندین رۆژە پشتی بە موەلیدە بەستووە بۆ کارپێکردنی ئامێرە کارەباییەکان."
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، زیاتر لە 620 هەزار کەس ئاوارە بوون، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگای حەلەب و ئیدلبن.
زۆربەشیان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو گرووپانەیە لە دژی هەسەدە، کە لەدوای رووخانی ئەسەد روویانداوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاندووە، لە 48 کاژێری رابردوودا لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان، زیاتر لە 100 چەکدار کوژراون، کە 16یان شەڕڤانی هەسەدە بوون.
بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای هەڕەشەکان، ئەوان پشت لە کورد ناکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، "ئێمە بەوەفا دەبین بۆ هاوپەیمانەکانمان لە شەڕی دژ بە داعش و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە، چونکە ئێمە قەرزداری هێزی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ین و شەڕڤانانی ئازادی وەکو کورد، کە شان بە شانی ئێمە لەو ساتە سەختانەدا ئازایانە رووبەڕووی گرووپە تیرۆرستییەکان بوونەتەوە، ئێمە لە ساڵی 2018 کە کەس ئاوڕی لێنەدانەوە پشتمان لێنەکردن، ئێستاش پشتیان لێناکەین."
فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان لە باکووری سووریا لە کاتێکدایە، ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەوان لە هاوبەشییەکانیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبن و ئەمەش تورکیای زیاتر تووڕە کردووە، چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکان و لەنێوبردنی هێزە کوردییەکانی لە سووریا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ