رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە باوکێک لە شارۆچکەی جندرێسی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەبینن کە تازە تەرمی منداڵە ساواکەی لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزە دەرهێناوە. ئاوارەیی، هەژاری، سەرما و سۆڵەی زستان و ئێستاش کارەساتێکی سرووشتی رووی لە عەفرین کردووە.
خالد حومسی، رزگاربووی بوومەلەرزەیە و دەڵێت: "بەهۆی بەهێزیی بوومەلەرزەکەوە، نەمانتوانی بە پەیژەکاندا بێینە خوارەوە. دیوارەکە بەسەر کوڕەکەمدا رووخا. هاوژینەکەم رایکردە خوارەوە و منیش خێرا کوڕەکەم لە نهۆمی دووەم هێنایە دەرەوە. دواتر چووم کچەکانم هێنانە دەرەوە. کوڕەکەم لەژێر دیوارەکەدا مابوو، بۆیە رۆشتم کوڕەکەمم دەرهێنا و بینیم ئەم باڵەخانەیە داڕماوە."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە جندرێس زیاتر لە 80 باڵەخانە رووخاون و لانیکەم 250 کەس لە سەرانسەری هەرێمی عەفرین گیانیان لەدەستداوە.
لە پارێزگاکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، بە گشتی لانیکەم 1000 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە 570 کەسیان لە سووریان، ئەم ئامارانە تاوەکو کاژێر 22:00ـی رۆژی دووشەممەن، چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
ئیسماعیل عەبدوڵڵا، کارمەندی بەرگریی شارستانییە، دەڵێت: "چەندین باڵەخانە لە شار و شارۆچکەی جیاواز لە باکووری رۆژئاوای سووریا رووخاون، بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیەوە وێران بوون. تیمەکانمان بەدەم خەڵکییەوە لە هەموو شوێنێک چوون، بەڵام پێویستمان بە هاوکارییە، پێویستمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە شتێک بکەن، هاوکاریمان بکەن و پاڵپشتیمان بکەن."
خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بە توانا سنووردارەکەیانەوە هەوڵی دەرهێنانی ئازیزانیان لەژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکە دەدەن و چاوەڕێی دەستی هاریکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین.
چەندین وڵاتی ئەوروپا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەمریکای باکوور ئامادەییان دەربڕیوە لە ماوەیەکی نزیکدا هاوکاریی بگەیێننە سووریا و تورکیای سەرچاوەی بوومەلەرزە 7.8 رێختەرییەکە.
لە هەرێمی کوردستانیشەوە تیمی فریاگوزاری بۆ گەیاندنی هاوکاری بە لێقەوماوانی بوومەلەرزە بەرەو تورکیا بەڕێکەوت؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئامادەی ناردنی هاوکارین بۆ سووریاش، ئەگەر کەناڵ و رێکاری پێویست هەبێت هاوکارییەکان بگەنە دەستی لێقەوماوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ