رووداو دیجیتاڵ
سەدان مامۆستا، قوتابی و هاووڵاتی لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، دژی بڕیارێکی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سنووردارکردنی خوێندن بە زمانی کوردی، خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.
نایا و یارا کەلەش، دوو خوشکی قوتابین کە بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کردبوو.
نایا کەلەش، قوتابییە و دەڵێت، "تا دوا هەناسە داوای زمانی کوردی و مافەکانی خۆمان دەکەین، ئێمە کوردین و سەربڵندین، زمانمان رۆح و گیانمانە، مێژوو و بوونمانە."
یارا کەلەش، خوشکی نایا دەڵێت، "ئێمە دەڵێین بە زمانی عەرەبی دەخوێنین، بەڵام دەمانەوێت کوردی زیاتر بێت، بێ زمانمان ژیان نابێت، یان ژیانێکی ئازاد یان مردنێکی سەربەرزانە، بژی کورد و کوردستان."
خۆپیشاندانەکە دژی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سووریا بوو کە رۆژی 27ـی ئابی 2024 بڕیاریدا لە ناوچە کوردنشینەکان وانەی زمانی کوردی تەنیا بۆ 3 کاژێر لە هەفتەیەکدا کەمبکرێتەوە.
شیلان حەمۆ، مامۆستای زمانی کوردییە و دەڵێت، "داوا دەکەین سێ وانە نەمێنێت، ئێمە وەک مامۆستایانی زمانی کوردی قبووڵی ناکەین. ئەو منداڵەی لە قۆناخی باخچەی ساوایانەوە [بە کوردی دەخوێنێت]، ناتوانێت بیکات بە عەرەبی. زمانی کوردی هەمیشە دەبێت و هەمیشە دەمێنێتەوە."
دلیار خەلەف، مامۆستایەکی دیکەی زمانی کوردییە و باس لەوە دەکات، "تاوانی ئێمە نییە کە بە کوردی لەدایکبووین، ئەم منداڵانە هاتوونەتە دنیا و بە کوردی قسە دەکەن، بەڵام دەچنە قوتابخانە دەبێتە عەرەبی، زۆر سەختە."
رۆژی 6ـی ئەیلوول بە فەرمی دەرگەی قوتابخانەکان بە رووی قوتابیاندا کرانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی خوێندن نە بە کوردی و نە بە عەرەبی دەستیپێنەکردووە و کتێبەکانیش لە شامەوە نەگەیشتوون.
..

