رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند کە دوو کەسیان دەستگیرکردووە،
بە تۆمەتی ئەوەی لە رێگەی دانانی عارەبانەیەکی بێمۆڵەتی فرۆشتنی لەفەی شاورمە و رۆست،
بوونەتە هۆی ژەهراوبوونی ژمارەیەک هاونیشتمانی.
بەپێی روونکردنەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای
هەولێر، دوای ئەوەی چەند هاونیشتمانییەک بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی سەردانی
پۆلیسیان کردووە بەهۆی ئەوەی بە خواردن ژەهراوی ببوون، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد و
تووند لەسەر رووداوەکە دەستیپێکردووە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا،
دەرکەوتووە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ج. ا) و (ن. ج. ا) لە رێگەی دانانی عارەبانەیەکی
فرۆشتنی لەفەی شاورمە و رۆست لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، "هۆکاری ژەهراوبوونی
ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان بوون."
هەروەها پۆلیس ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو دوو تۆمەتبارە
هیچ مۆڵەتێکی تەندروستی و شارەوانییان نەبووە و سەرلەبەری کارکردنەکەیان نایاسایی
و قەدەخەکراو بووە.
ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، هەردوو تۆمەتبارەکە
بەپێی یاسا راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.

