رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەندکراوی زیاتر لەگەڵ حکومەتی راگوزەری دیمەشق ئاڵۆگۆڕ دەکەن. گوتیشی، چاویان لەوەیە رێککەوتنی نێوانیان ببێتە رێخۆشکەر بۆ ئاساییبوونەوەی رەوشی عەفرین و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
رێککەوتنی نێوان قامشلۆ و دیمەشق یەکی نیسان واژۆ کرا. رۆژی پێنجشەممە، یەکەم قۆناخی جێبەجێ کرا کە ئاڵوگۆڕکردنی 97 بەندکراوی سەر بە هێزە ئەمنیەکانی دیمەشق بوو، لەگەڵ 146 شەڕڤان و کەسی سڤیلی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
لە قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکەدا، رۆژی هەینی زیاتر لە 500 شەڕڤان لە دوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب کشانەوە و پاراستنیان رادەستی دەزگای ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرایەوە کە لەمەودوا بە جلوبەرگی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا، ئەرکەکەیان رادەپەڕێنن.
بەدران چیا کورد رۆژی شەممە قسەی بۆ پۆدکاستی چاوی سێیەمی رووداو کرد کە حوسێن عومەر پێشكێشی دەکات. راوێژکارەکە گوتی: "ئێستا کاری سەرەکی لە سەر بەندکراوان دەکرێت."
بە گوتەی بەدران چیا کورد، ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوان "هەنگاوێکی نیازپاکیی هەردوو لایە بۆ دروستکردنی متمانە". گوتیشی بڕیاربووە رۆژی شەممە و یەکشەممە "ژمارەیەک بەندکراوی دیکە ئاڵۆگۆڕ بکرێن."
ئەو راوێژکارە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێککەوتنە "هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کێشانەی لە عەفرین هەن، کۆتاییان پێ بهێنرێت."
شارە کوردستانییەکە لە ساڵی 2018 لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارە سووریاییەکانی نزیکی، داگیرکرا. لەو کاتەوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین پێشێلکاریی ئەو گرووپانەیان لە دژی هاونیشتمانییانی کورد تۆمارکردووە، لە نێویاندا دەربەدەرکردن، تاڵانکردنی سەروەت و سامان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و زەوییەکانیان.
بەدران چیا کورد باسی لەوە کرد، لە رێککەوتنی نێوان قامشلۆ و دیمەشق "دوو پرس پەیوەندیی راستەوخۆیان بە عەفرینەوە هەیە، وەک بابەتی بەندکراوان. پێویستە ئەوانەی لە عەفرین بەندکراون ئازادبکرێن. هەروەها پێویستە ژیان و هاتووچۆی خەڵکەکەمان لە عەفرین ئازاد بێت و هیچ پێشێلکارییەکیان بەرامبەر نەکرێت."
گرووپە چەکدارەکان، دیارترینیان عەمشات و حەمزات، هێشتا لە عەفرین ماون و بەسەر کاروباری شارەکەدا زاڵن، وێڕای ئەوەی کە حکومەتی راگوزەری سووریا کە لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوو لە کۆتایی پار دروستبوو، دامودەزگاکانی لە شارەکەدا کردوونەتەوە.
لەو بارەیەوە، بەدران چیا کورد گوتی: "هەنگاوی دیکە ئەوەیە لەگەڵ حکومەت کاربکەین بۆ ئەوەی ئەو ئاڵۆزی و کێشانەی لە لایەن ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عەفرین دروستیان دەکەن، کۆتاییهان پێ بهێنرێت."
ئەوەشی خستەڕوو کە "لەم حەوت ساڵەی رابردوودا زۆر کاری خراپ کراون، زۆر ساختەکاری کراون، دەست بەسەر زۆر ماڵ و موڵکی خەڵکدا گیراوە، زۆر بەڵگەنامەی ساختە دروستکراون و دەستبەسەر ماڵ و حاڵی خەڵکدا گیراوە. پێویستە ئەمانە هەموویان چارەسەر بکرێن کە پێویستی بە کاتە."
راوێژکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختیکردەوە کە "ئەو گرووپانەی کە سەر بە تورکیان و زیانیان بە خەڵکی ئێمە گەیاندووە، دەبێت لە عەفرین نەمێنن و ببنە بەشێک لە سوپای سووریا."
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەگەڕێنەوە نێو عەفرین، بەدران چیا کورد گوتی: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئەوەیە خەڵک و پەنابەرانی عەفرین بتوانن بە شێوەیەکی شکۆمەندانە و سەلامەت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. کارێکی زۆر گرنگ لەسەر ئەمە دەکرێت."
ئەو راوێژکارە گوتیشی، "لە دیمەشقیش ئەمە یەکێک بوو لە خاڵەکانی گفتوگۆ. هەروەها لە حەسەکەش لەسەر ئەمە گفتوگۆیان لەگەڵدا کراوە. ئێستا ئێمە بە شێوەیەکی زۆر جیدی بەداواداچوونی بۆ دەکەین. بە شێوەی کرداریش کار لەسەر ئەمە دەکرێت و ئەوان بەڵێنیان داوە دۆخەکە چارەسەر بکەن و شتێک بکەن کە خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ