رووداو دیجیتاڵ
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە ئەورووپا دەڵێت، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست پێش زیاتر لە مانگێک ژێرئاو کەوتووە و دەرکەوتووە لە نێودا 18 کۆچبەری کورد خنکاون. برای یەکێک لە کۆچبەرەکانیش دەڵێ، قاچاخچی بە ئەوانی گوتووە کۆچبەرەکان دەستگیرکراون.
رەنج پشدەری دەڵێت: "18 کوردی خەڵکی سنووری راپەڕین 5ی مانگی ئاب بە کەسوکاریان گوتووە لە لیبیاوە بەڕێدەکەون بۆ ئیتاڵیا، قاچاخچییەکان مۆبایلیان لێ وەرگرتوون و کۆچبەرەکانیان خستووەتە بەلەمێکی تایبەتەوە بەرەو ئیتاڵیا و پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە نەماوە".
ئەو چالاکڤانە وەکو خۆی باسی دەکات، یەک مانگە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات: "چوومە ئیتاڵیا، نەخۆشخانە و زیندانەکان و هەموو شوێنێک گەڕام هیچ سەرەداوێکی ئەو 18 کەسەم دەست نەکەوت، دواتر ئاگادار کرامەوە کە رێکخراوێکی ئەڵمانی زانیاریی هەیە و چوومە ئەڵمانیا".
رەنج پشدەری گوتی: "ئیتاڵیا بە منیان گوت ئەم ساڵ 821 تەرمیان دۆزیوەتەوە ناتوانن دیاری بکەن کامە کوردە یان ناسنامەیان کام وڵاتە، هەروەها رێکخراوەکەی ئەڵمانیا ئەو کات گوتیان رێگەپێدراو نین زانیاری بدەن".
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، "دوێنێ رێکخراوە ئەڵمانییەکە پەیوەندییان پێوە کردووە و رایانگەیاندووە، 15ـی ئاب لە ئاوەکانی دەریای نێوەڕاست بۆ کارێکی مرۆیی چوون وێنەی 18 تەرمیان گرتووە، کە 11یان لە فڕۆکەوە گیراون و حەوتیان لە کەشتییەکی دیکەوە".
رێکخراوی سۆسی ئەڵمانی وێنەی تەرمەکانی بە ڤیدیۆ پیشانی رەنج پشدەری داوە: "زۆرینەی تەرمەکان شێواون، بەڵام هەبوونی چووپەکانیان و هەندێک نیشانەی دیکەی سەر جەستەیان دەیسەلمێنن کوردن".
رەنج پشدەری گوتی: "کاتی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە و وێنەگرتنی تەرمەکان و ژمارەیان، تەواو هاوکاتە لەگەڵ ئەو کاتەی گەنجە کوردەکان لە نێو دەریادا بوون و چارەنووسیان نادیار بووە".
برای یەکێک لە کۆچبەرەکان ئەمڕۆ 22ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆچبەرەکان نەخنکاون و قاچاخچی بە ئێمەی گوتووە، دەستگیرکراون".


