رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە گوندی کێڵەکەبود سەر بە شاری دیواندەرە کرێکارێکیان دەستبەسەر کردووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، کرێکارێک بەناوی زانیار مورادی، تەمەن 33 ساڵ و خەڵکی کێڵەکەبود سەر بە شاری دیواندەرە لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەستگیر کراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەکردووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و بڕیاری دادگە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو کرێکارە هەرچەندە لە ماڵ نەبووە ماڵەکەیان پشکنیوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئیتڵاعاتی دیواندەرە لە رێگەی شەریفئاوا زانیار مورادیان دەستبەسەریان کردووە، پاشانیش بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکارەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی راگرتن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی زانیار مورادی کراون لەبەردەستدا نییە.
پێشتریش ساڵی 2021 زانیار مورادی لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی دیواندەرە دەستبەسەر کرابوو و سێ مانگ لە گرتووخانە بووە.


