رووداو دیجیتاڵ
سوپای نیشتمانیی سووریا (ئۆپۆزیسیۆنی نزیک لە تورکیا) کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکدار پێکدێت رایگەیاند، "کردەوەکانی دەستەی تەحریری شام دژی هێزەکانمان شەرمەزار دەکەین".
ژووری ئۆپەراسیۆنی (فەجر ئەل حوڕییە) کە سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریایە، لە راگەیێندراوەکەدا بە ناوی "راگەیێندراوی شەرمەزارکردن و سەرکۆنەکردن" دەڵێت، دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداریان لەلایەن دەستەی تەحریر شام، "بەهانە، وەهم و ناپاکییە" و سەرکۆنەی دەکەن.
گرووپە چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، تەحریری شام ئەوانی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە ئاستەنگ بۆ پێشڕەوییەکانیان دروست دەکەن.
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، دەستەی تەحریری شام ژمارەیەک چەکداری گرووپەکەی دیکەی لە "ژووری ئۆپەراسیۆنی فەجر حوڕییە" دەستگیرکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "داوا دەکەین تەحریری شام دەستهەڵگرێت لە دژایەتیمان. هەروەها هەر ناوچەیەک هێزەکانمان رزگاریان کردووە بیگەڕێننەوە بۆ سوپای نیشتمانیی سووریا".
لەگەڵ هێرشی دەستەی تەحریری شام لە حەلەب، سوپای نیشتمانیی سووریا لە رێگەی گرووپەکانییەوە ئۆپەراسیۆنێکی جیای بەناوی فەجر حوڕییە راگەیاند و چەند گوندێکی سنووری حەلەبیان کۆنترۆڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ