تەحسین خەفاجی بۆ رووداو: سوودانی فەرمانی لێکۆڵینەوەی بۆ هێرشەکانی سەر هەولێر دەرکردووە

31-12-2023
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە بکرێت کە بە درۆن کراونەتە سەر هەولێر و دەشڵێت؛ "ئەوانەی ئەو هێرشەیان کردووە، دەدرێنە دادگە."
 
رۆژی یەکشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2023، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق فەرمانی کردووە لەسەر ئاستێکى باڵا لێکۆڵینەوە لەبارەى ئەو هێرشانە بکرێن کە بەدیاریکراوى لە هەولێر روویانداوە."
 
لە ماوەی دوو مانگی رابردوو چەندین جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە پارێزگای هەولێر و دوایین هێرشیش لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە بوو بۆ سەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە سنووری پیرمام، وەکو تەحسین خەفاجی ئاماژەی پێدەدات؛ "شانەى راگەیاندنى ئەمنى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا روونکراوەتەوە کە ئەو پرسە جێگەى گرنگى هێزە ئەمنییەکانە."
 
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەو لێکۆڵینەوەیە بە سەرەتایەک دەزانێت بۆ دادگەییکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لە هێرشەکەدا بووە و دەشڵێت، "فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان رژدن لەسەر رێگریکردن لەو جۆرە رووداوانە".
 
لیوا تەحسین خەفاجی لەبارەی ئامانجی ئەو هێرشە درۆنیانەی دەکرێنە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان گوتی؛ "بەدڵنیاییەوە هیچ سوودێکى نییە و گەلەکەمان دوادەخات" و پێیوایە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، هیچ وڵاتێک ئامادە نییە سەرمایەی خۆی بهێنێتە عێراق و وەبەرهێنان لەم وڵاتەدا بکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 31-12-2023، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر 16:54 خولەکی ئێوارە درۆنێک کە لە لایەن "میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە" ئاراستە بنکەی سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشێکندرا و خرایە خوارەوە. 
 
دوابەدوای هێرشەکە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی عێراق کرد رێکاری جدی بەرامبەر بە بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتەبەر بۆ دۆزينه‌وه‌ى په‌لامارده‌ران و به‌سزاگه‌يانديان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى هاوبه‌ش و هاوئاهەنگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بكەن.
 
دوای هێرشەکە، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، "لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانانەی دوژمن لە دژی خەڵکی غەززە دەیانکات، هێرشمان کردووەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".
 
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 09-12-2023ـەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37ـیان لە عێراق و 41ـیان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت