وەزارەتی کارەبای عێراق: بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 25 هەزار مێگاوات

29-07-2023
موشتاق رەمەزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئامادەکردن: نەهرۆ محەممەد

وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 25 هەزار مێگاوات و چاوەڕێی گازی زیاتر لە ئێرانەوە دەکەن بۆ ئەوەی کێشەی هاووڵاتییان لەم وەرزی گەرمایەدا کەم بکەنەوە.
 
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی شەممە، 29-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر دەبێت؛ ئێستا بەرهەم نزیکەی 25 هەزار مێگاواتە. رێککەوتنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی نەوت بە گازی ئێران بەشێکی گەورەی قەیرانەکەی چارەسەر کردووە". 
 
ئەمە لە کاتێکدایە عێراق پێویستی بە نزیکەی 34-35 هەزار مێگاوات کارەبایە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاووڵاتییان دابینبکات. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان دەکەوێتە سەر قەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا؛ بەرهەمهێنانیش دەکەوێتە سەر ئەوەی چەند گاز دابین دەکرێت، ئینجا گازی نێوخۆیی بێت یان هاوردەکراو. هەناردەکردنەوەی گازی ئێران وایکردووە هەندێک لە یەکە لەکارکەوتووەکان بە گەڕ بخرێنەوە. چاوەڕێی گازی زیاتر دەکەین تاوەکو یەکەی دیکە کارەبا بەگەڕبخەین".
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممەی رابردوو پشتڕاستیکردەوە کە وێڕای سزاکان، رێگە بە ئێران دەدەن سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزی گاز و کارەبا لە عێراق وەربگرێتەوە. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتەکە پشتڕاستیکردەوە کە عێراق پارەکەی دەخاتە هەژمارێکی بانکییەوە کە لە لایەن عومانەوە بەڕێوەدەبرێت؛ ئێران دەتوانێت بە هەندێ کۆتوبەندەوە ئەو پارەیە بەکاربێنێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."