رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە شەقامەکانی بەغدا ئاهەنگیان گێڕا و دروشمی دژ بە ئەمریکایان گوتەوە. حکومەتی عێراق هەوڵدەدات پەیامی سەقامگیریی وڵات بدات، بەڵام بەشێک لە هاووڵاتییان هێشتا دڵنیا نین لە داهاتووی ئەمنی.
گرووپەکانی حەشدی شەعبی و لایەنگرانیان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە "لەدایکبوونێکی ئازاد" ناودەبەن و ئاهەنگ دەگێڕن.
شێخ حەمید عەبدولڕەزا، شێخی هۆزی شەممەر، گوتی: "دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق وەکو ئەوەیە ئەمڕۆ بە ئازادی لەدایک بووبین."
فازڵ فەرتوسی، لایەنگری حەشدی شەعبی دەڵێت: "وەک دەبینن عێراق بە هەموو چینەکانییەوە ئاهەنگ دەگێڕن، چونکە کەس حەزی بە بوونی هێزی بیانی ناکات. هێزە ئەمنییەکان هەن و پێویستمان بە هێزی بیانی نییە."
بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەیانەوێت پەیامی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەیان بە جیهان بگەیێنن و جەخت لە توانای هێزە ئەمنییەکانیان دەکەنەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "هەمووان دیدگایەکی یەکگرتوویان هەیە کە عێراق سەقامگیرە. هێزە ئەمنییەکان ورەیان بەرزە و ئامادەن."
سەرەڕای دڵنیاییەکانی حکومەت، ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەمیدا پرسی چەکداماڵینی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە ئێرانەوە نزیکن و بڕیارە دوای 30ی ئەیلوول دەستپێبکات.
دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بڕیارە حکومەتی عێراق لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەشێوەیەکی دووقۆڵی و بە هەیکەلیەتێکی نوێوە دابڕێژێتەوە.


