رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەولێر، بەغدا و دۆستە هەرێمییەکان تەواو کرد، بەبێ ئەوەی واشنتن پشت لە ناوچەکە بکات.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، تۆم باراک لە پەیامێک دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دوای 23 ساڵ رایگەیاند، لە چوونی یەکەم سەربازی ئەمریکی بۆ نێو خاکی عێراق، سەرۆک ترەمپ پرۆسەی گەڕانەوەی هێزەکانی بۆ ئەمریکا تەواو کرد.
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق روونیکردەوە کە کشانەوەی هێزەکان بە مانای دەستبەرداربوون نایەت و گوتی: "ئەمە بە مانای پشتتێکردن و جێهێشتن نەبوو، بەڵکو لە رێگەی هاوتەریبکردن و رێکخستنی هەموو لایەنەکان بوو لە ناسکترین ساتەوەخت دا؛ لە نێویان دا بەغدا، هەولێر، دۆستە هەرێمییەکانمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی یەک تابلۆ و دیدگای ستراتیژی دا."
باراک ستایشی قوربانیدانی هێزەکانی ئەمریکا و عێراقی کرد بە درێژایی ئەو ساڵانە و رایگەیاند، ئەم کشانەوەیە دەرفەتێکە بۆ سەربەخۆیی زیاتری بەغدا و گوتیشی: "دەرگایەک کە ماوەیەکی درێژ بوو داخرابوو کرایەوە؛ ئەویش رەخساندنی دەرفەتە بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و گەلی عێراق تاوەکو تەواوی هێزە چەکدارەکانی وڵات لە ژێر چەتری یەک دەوڵەت و یەک زنجیرەی فەرماندەیی دا کۆبکەنەوە، لە کاتێک دا ئەمریکا وەک دۆستێک دەمێنێتەوە نەک وەک سەربازگە."
لە کۆتایی پەیامەکەی دا، تۆم باراک ستایشی هەنگاوەکەی سەرۆکی ئەمریکای کرد و گوتی: "دەستخۆش جەنابی سەرۆک."
ئەم لێدوانانە لە کاتێک دان کە رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2026، دوایین سەربازانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خاکی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان جێهێشت، ئەمەش دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەغدا و واشنتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق رێککەوتبوون.


