دزیی سەدە؛ چیرۆکی دیارنەمانی 2.5 ملیار دۆلارەکەی بانکی رافیدەین

29-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حوسێن قەنبەر ئاغا، هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک عێراقی کە لە ساڵی 1992ـەوە دانیشتووی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدە، لەلایەن ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری دارایی عێراقەوە تەلەفۆنێکی بۆ دێت و داوای لێدەکات لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی دزینی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە بانکی رافیدەینی عێراق بکات.
 
حوسێن قەنبەر، تەمەنی 49 ساڵە؛ هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ئابوورییدا و بڕوانامەکەی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم بەدەستهێناوە. پێش ئەوەی بۆ ئەو ئەرکە راسپێردرێت، لە بانکێکی ستۆکهۆڵم کاری دەکرد.
 
حوسێن قەنبەر ئاغا لە سوێد ژیانی بە رۆیشتنە سەر کار، وەرزشکردن و قاوەخواردنەوە بەسەردەبرد، لە ئابی 2022دا ئەرکی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەیەکی زۆر مەترسیدار کە لە نێو عێراقدا بە "دزی سەدە" ناوبراوە، وەرگرت.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی گۆڤاری زە ئیکۆنۆمیستدا کە بۆچی خۆی خستە نێو کێشەیەکی ئاڵۆزی لەو جۆرە، حوسێن دەڵێت، هەستی کردووە کە نهێنییەک هەیە و پێویست دەکات بدۆزرێتەوە؛ باس لەوە دەکات، پەرۆش بووە بزانێت چۆن دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بە رۆژی رووناک و بە یاسایی لە بانکێکی عێراقدا براونەتە دەرەوە.
 
ئەو پارەیەی دزرا چی بوو؟
 
هەموو ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە عێراقدا کاردەکەن، پێش ئەوەی دەست بەکار بکەن پێویستە بڕە پارەیەک بدەنە حکومەت وەکو دڵنیاییەک بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەیان. تەواوی ئەو پارەیە لەنێو هەژمارێکی بانکیدا دادەنرێت. لە بانکی رافیدەین پارەکە خراوەتە سەر هەژماری 60032.
 
کۆمپانیاکان مافی ئەوەیان هەیە داوای پارەی دڵنیاییەکەیان بکەنەوە، ئەوەش لە دوو کاتدا؛ یەکەم کاتێک ئەرکەکەیان تەواو دەکەن؛ دووەم کاتێک هەست دەکەن قازانجەکەیان لە خەرجییەکەیان کەمترە و روو لە زەرەرن. وەرگرتنەوە بەشێک لەو پارەیە هەندێکجار نزیکەی 5 ساڵی پێدەچێت؛ بۆیە پارەیەکی زۆر لە نێو هەژماری 60032ی بانکی رافیدەیندا کەڵەکە ببوو.
 
تیمەکەی حوسێن قەنبەر
 
چیرۆکەکە لە نێوەڕاستی ساڵی 2022 دەستپێدەکات، کاتێک دەزانرێت پارەیەکی یەکجار زۆر لە بانکی رافیدەین براوەتە دەرەوە. لەو کاتەدا بە گوتەی خۆی، وەزیری دارایی دەیتوانی داوا لە چەندین کۆمپانیای تایبەت بە لێکۆڵینەوە بکات لە دۆسیەکە بکۆڵنەوە، بەڵام نەیتوانیوە متمانە بە هیچیان بکات.
 
حوسێن باس لەوە دەکات ترسی هەبووە، چونکە عێراق وڵاتێکە پڕە لە گرووپ و هێزی جیاواز کە دەتوانن دەستیان بە هەر کەس و شوێنێک بگات خۆیان بیانەوێت. ئەوانەی دەتوانن بە بەرتیل بیانکڕن، دەیانکڕن؛ ئەگەر نا، بە هەڕەشە بێدەنگیان دەکەن.
 
حوسێن قەنبەر ئاغا داوا لە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری دارایی عێراق دەکات تیمێکی باوەڕپێکراوی پارێزەر و ژمێریار پێکهبهێنێت؛ دواتر لە ئابی 2022دا دەگەڕێتەوە بەغدا و لەگەڵ تیمەکەدا کۆدەبێتەوە.
 
حوسێن قەنبەر راستەوخۆ داوا لە تیمەکە دەکات بچنە بانکی رافیدەین و داوای کۆپیی جموجووڵی پارەی سەر هەژماری 60032 بکەن، چونکە "دەیزانی زۆربەی کات کە لێکۆڵینەوەیەک لە فەرمانگەیەکی عێراق دەستپێدەکات، بە رێکەوت ئاگرێک دەکەوێتەوە".
رۆژی دواتر تیمەکە کۆدەبنەوە؛ دوو شتی زۆر گرنگیان بۆ روون دەبێتەوە. یەکەم، بردنە دەرەوەی پارەکە ساڵێک بەر لەو کاتە دەستیپێکردووە؛ دووەم، هەژمارەکە (کە 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری تێدابوو) بە نزیکەیی بەتاڵکراوەتەوە.
 
تیمەکە تەلەفۆن بۆ بانکەکە دەکەن تا بزانن پارەکە بۆ کوێ گوێزراوەتەوە؛ لە وەڵامدا بانکی رافیدەین ناوی 5 بانکیان دەداتێ کە هیچ کامیان نە کۆمپانیای گەورەی نەوتین و نە ناوی هیچ کامیان تەنانەت پێشتر بەرگوێ کەوتووە.
 
تیمە پارێزەر و ژمێریارەکەی قەنبەر هەرزوو دوای زانینی ئەو راستییە واز لە دۆسیەکە دەهێنن، چونکە هەست بەوە دەکەن کارەکە لەلایەن "گرووپی بکوژەوە" کراوە. حوسێن قەنبەر بە تەنیا لە لێکۆڵینەوەکانی بەردەوام دەبێت.
 
247 چەکی بانکی و 2.5 ملیار دۆلار
 
بۆ ئەوەی دۆسیەکەی حوسێن قەنبەر لەلای بەرپرسان و دادگە جێگەی باوەڕ بێت، دەبوو دڵنیا بێتەوە بەڵگەی پێویستی لەبەردەستە؛ بۆیە ناچار بوو لە هەندێک لەو کەسانە نزیکبێتەوە کە لە بانکەکە کاریان دەکرد؛ بەڵام لەجیاتی ئەوەی لە ئۆفیسەکانیان لەگەڵیان کۆبێتەوە، لە کافێ یان خواردنگەیەک لەگەڵیان کۆدەبووەوە تاوەکو بەرپرسانی باڵای بانکەکە لێی بەگومان نەبن. 
 
دوای یەک هەفتە لە کۆبوونەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی ناوەندی بانکەکە و لێکۆڵینەوە لە قسەکانیان، رۆژێک حوسێن قەنبەر جانتایەکی قاوەیی لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە بەدەستدەگات کە لە نێویدا کۆپیی 247 چەکی بانکی تێدایە کە لە هەژماری 60032ـەوە بۆ ئەو پێنج کۆمپانیایە نێردراوە. دوای چەند کاژێرێک لە لێکۆڵینەوە لە چەکەکان، بۆی دەردەکەوێت تەواوی پارەکە لە ئەیلوولی 2021 بۆ ئابی 2022 گوێزراوەتەوە.
 
ئیحسان عەبدولجەبار بەردەوام لە بەرەوپێشچوونی لێکۆڵینەوەکەی پرسیوە و ویستوویەتی هەرچی زووە حوسێن قەنبەر تەواوی بکات. حوسێن داوای لێدەکات پەلە نەکات، چونکە دەکرێت هەڵەیەکی بچووک ببێتە هۆکاری شکستهێنانی تەواوی لێکۆڵینەوەکە.
 
حوسێن لە ژێر ناوی ئیحسان عەبدولجەبار نامەیەک بۆ کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییە نەوتییەکانی عێراق دەنێرێت و لە نامەکەدا ئەو پرسیارە دەکات "کە ئایا هیچ پارەیەکیان لە یەک ساڵی رابردوودا لە بانکی رافیدەین دەرکردووە؟" هەموویان وەڵامی دەدەنەوە و دەڵێن، "نەخێر".
 
دواتر لەو پێنج کۆمپانیایە دەکۆڵێتەوە تا بزانێت چالاکیی هیچ کامیان ئەوەندە فراوانە شایەنی ئەوە بێت مامەڵە بە ملیاران دۆلارەوە بکەن و دەردەکەوێت نەخێر؛ تەنانەت سێ لە کۆمپانیاکان چەند رۆژێک بەر لە دەستکردن بە دەرکردنی پارەکە دروستکراون.
 
رۆژی 10-10-2022 قەنبەر لە لێکۆڵینەوەکانی تەواو دەبێت و هەر رۆژێک دوای ئەوە؛ کۆپییەکی راپۆرتی لێکۆڵینەوەکەی بە تەواوی بەڵگەکانەوە دەنێرێت بۆ نووسینگەکانی سەرۆکی پەرلەمان، لیژنەی دەستپاکیی گشتی و سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
نوور زوهێر؛ پابلۆ ئیسکۆبارەکەی بەسرە
 
نوور زوهێر، تەمەن 41 ساڵ خەڵکی شاری بەسرەیە، بەوە ناسراوە کە بە ئاسانی دەتوانێت لە خەڵک نزیکبێتەوە و بەخێرایی هاوڕێ دروست بکات. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لەسەری، خەڵک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە پابلۆ ئیسکۆبار ناویان دەبرد، بەتایبەت بەهۆی قەڵەوییەکەی و سمێڵە گەورەکەیەوە.
 
لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت، نوور زوهێر هەفتانە چەند جارێک سەردانی نووسینگەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی باجی عێراقی کردووە و هەمیشە ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم دەرگەی چوونە ژوورەوەی نێو فەرمانگەکە راگرتووە و دوو پاسەوانی لەبەردەم دەرگاکە جێهێشتووە؛ کارێک تەنیا بەڕێوەبەر خۆی توانیویەتی ئەو کارە بکات.
 
بە گوێرەی ژمارەیەک کارمەندی ئەو فەرمانگەیە، دەرکردنی بڕە پارەیەکی لەو جۆرە لانیکەم واژۆی 12 بەرپرسی دەوێت و چەند هەفتەیەکی پێدەچێت، بەڵام زوهێر ئەو مامەڵانەی بە ماوەیەکی زۆر کەم تەواوکردووە.
 
دوو کارمەندی بانکی دەڵێن، زوهێر وا راهاتووە بەرتیل بداتە کارمەندان، هەراسانیان بکات و هەڕەشەیان لێ بکات تاوەکو کارەکانی خێرا بۆ بکەن.
 
بە گوێرەی بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق، بانکی رافیدەین رۆژانە مامەڵە بە 2 ملیار دینارەوە زیاتر ناکات، بەڵام لە هەندێک رۆژدا کە دزییەکە کراوە، گەیشتووەتە 40 ملیار دینار. بە گوێرەی کارمەندێکی بانکەکە کە کاری لەگەڵ فەرمانگەی باجدا کردووە، هەر لە ماوەی 24 کاژێردا پارەکە کراوە بە کاش و براوەتە دەرەوە.
 
بردنەدەرەوەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ هەر بانکێکی گەورە لە جیهاندا، بەتایبەت ئەگەر بە بڕی 50 هەزار دیناریی عێراقی ببرێتە دەرەوە. بۆ گواستنەوەی پارەکە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەکارهاتووە.
 
پارەکە بەرەو کوێ چوو؟
 
وا مەزەندە دەکرێت بەشێک لە پارەکە لەنێوخۆی عێراق خەرجکرابێت؛ نوور زوهێر لە ناوچەی مەنسووریەی بەغدا یەکەی نیشتەجێبوونی پێ کڕیوە. بەڵام ئەو پارەیەی دیکە بە تەواوی کراوە بە دۆلار و براوەتە دەرەوەی عێراق.
 
بردنەدەرەوەی جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمریکی بە نێو تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی بەغدادا کارێکی زۆر سەختە؛ لەکاتێکدا کە 5 خاڵی پشکنینی x-raysی تێدایە، دوو خاڵی پشکنینی سەگیشی تێدایە و پشکنینی دەستیشی تێدایە.
 
زوهێر رێگەیەکی دیکەی فڕۆکەخانەی بەکارهێناوە کە VIPـیە؛ هەروەها 20 جار لەماوەی ئەو ساڵەدا لە فڕۆکەخانەی بەغداوە گەشتی بۆ دەرەوە کردووە. هەموو جارێک هەشت پاسی بچووک تاوەکو لای فڕۆکە تایبەتەکەی چوون. پاسەوانێکی فڕۆکەخانە دەڵێت، جارێک بینیویەتی گڵۆپەکانی سەر شەقامی فڕۆکەخانەکە کوژاونەتەوە تاوەکو پاسە بچوکەکان تێپەڕیون.
 
لە نێو بەرپرسە باڵاکانی عێراقدا ئەو قسەیە باوە کە زۆربەی پارەکە چووەتە عەمانی پایتەختی ئوردون. کاتێک نوور زوهێر هەستی بەوەکرد دەستەکەی کەشف بووە، هەوڵیداوە بچێتە دەرەوەی عێراق، بەڵام لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیرکرا؛ ئەوکات هێشتا مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران بوو.
 
دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەکاربوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا بەڵێنی گەڕاندنەوەی تەواوی پارەکە و دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بەو کارەوە هەبووە. بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 270 ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە و تەنانەت نوور زوهێریش ئازادکراوە.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکەی زە ئیکۆنۆمیست، نوور زوهێر تاوەکو ئێستا چەند جارێک لە قەتەر، دوبەی و لەندەن بینراوە. زۆرینەی بەرپرسانی عێراق هۆکاری داخستنی ئەو دۆسیەیە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە دەستی گەورەتری لە پشتەوە بووە و نوور زوهێر تەنیا کارەکتەرێک بووە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە